رووداو - هەولێر
شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە بەغدان، گوتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاند، بەرنامەی کۆبوونەوەکانی شاندەكە دەستپێكردووە و لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوونەوە.
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكانی نەوت، پلاندانان و ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێكی دیكەی عێراقی كۆدەبنەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی و ماتیۆ تۆلەر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆیان كرد.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند سەردانی بەغدایان كردووە ئەوەش لەبەر رۆشنایی دەستوری هەمیشەیی عێراق و لێكگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوولا.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رایگەیاند، كورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێك دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند سەردانی بەغدایان كردووە ئەوەش لەبەر رۆشنایی دەستوری هەمیشەیی عێراق و لێكگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوولا.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رایگەیاند، كورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێك دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە28-4-2020 شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری بەغدایان كرد، دوای بڕیاری راگرتنی پشكی مانگانەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە ئەوە دووم سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستانە بۆ بەغدا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان درێژە بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەدات، پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەران تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت.
ئەو کۆبوونەوانە لەکاتێکدایە، تائێستا حکومەتی عێراق مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە بەپاساوی رادەستنەکردنی نەوت لە 4 مانگی رابردوو، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان جەختلەوە دەکاتەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق شایستە داراییەکان و هەموو بودجە بە دەستحەقی کۆمپانیاکانی نەوتەوە بنێرێت، ئەوا سەرجەم مەلەفی نەوتی رادەست دەکەن.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردووش لەبەغدا بوون، لەگەڵ ئەنجوومەن وەزیرانی عێراق گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق نووسراوێک بۆ ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشێنێتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پێڕاگیراوە، جگە لە مووچە چەند پرسێکی دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێ کە دیارترینیان:
- پرسی رادەستکردنی نەوت بە بەغدا
- پەرەپێدانی کیڵگەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی
- پەرەپێدانی وێستگەکانی کارەبا
- پرسی گومرگ و خاڵەسنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان
16ـی ئەم مانگە ئەمیندارییەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە وەزارەتی دارایی کردبوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە هەولێر پابەندی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت نەبووە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە پێی رێککەوتنێک کۆتایی 2019 لەگەڵ بەغدا کراوە رازی بووین رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بکەین و ئەوانیش مانگانە 900 ملیۆن دۆلار بدەن بە هەرێمی کوردستان وەک بودجە، بەڵام بەغدا پەشیمان بووەتەوە.


