وەزارەتی کارەبا: رۆژانی جەژن 18 بۆ 20 کاژێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت

29-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لە جەژنی رەمەزاندا، رۆژانە 18 بۆ 20 کاژێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت. 
 
رۆژی شەممە، 29ـی ئاداری 2025، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کارەبا هەبێت، بەپێی بەرنامە لە رۆژانی جەژن دا بە هاووڵاتییان دەدرێ، بەڵام تەواوی هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی 18 بۆ 20 کاژێر کارەبا بدەین."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا، 15 بۆ 16 کاژێر کارەبا هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی پشووی فەرمییە، کارەبای شوێنە گشتییەکان، لەم چەند رۆژە دەدرێتەوە بە هاووڵاتییان، بەم شێوەیە کارەبا چەند کاژێرێک زیاد دەکات."
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە پشتبەستن بە نزیکەی 4000 مێگاوات کارەبا، لە هەر سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا رۆژانە 18 بۆ 20 کاژێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "زیاتر لە 7000 کرێکار و فەرمانبەری کارەبا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگاکان، وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشكردنی کارەبا، یەکەکانی چاککردنەوە و پۆلیسی کارەبا، لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئیشکگری لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە