هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رادەگیرێت

29-02-2024
محەممەد تەها
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئێرانەوە، هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رادەگیرێت، بەڵام لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی راگرتنی هاتووچۆوە نەدراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند، "لە کاژێر 12:00ـی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی تاوەکو کاژێر 7:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە، 2ـی ئاداری 2024، بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئێران، هاتووچۆی گەشتیاری رادەگیرێت."
 
لەبارەی هاتووچۆی بازرگانییەوە، دەروازەکە رایگەیاندووە: "هاتووچۆی بازرگانی ئاساییە و راناگیرێت."
 
عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دەروازەکە هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری ئاساییە و رانەگیراوە. 
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتی هەن، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی. 
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا (کاژێر 2:39)ـی دوانیوەڕۆ هیچ بڕیارێک لەبارەی راگرتنی هاتووچۆ نییە و هەردوو هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ئاساییە."
 
بەیانیی ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران کۆتاییهات. کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی هەینی بە کاتی تاران (7:30ی خولەک بە کاتی هەولێر) هەردوو هەڵبژاردنەکە دەستپێدەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە