رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و مامۆستای زانکۆ، بەهات حەسیب قەرەداخی دوو کتێب لەبارەی میدیای کوردی چاپ و بڵاودەکاتەوە.
کتێبی یەکەمیان بە ناوی (میدیای کوردی لە رۆشنگەرییەوە بەرەو کوێ؟)یە، کە چەندین توێژینەوە و لێکدانەوەی زانستیانەی بۆ کایەی میدیای کوردی لەخۆگرتووە.
نووسەر لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بە توێژینەوەیەک داوە، بە ناوی (میدیا و پۆڵیتیکەڵ کۆمیونیکەیشن؛ پەیوەندییەکانی دەستەبژێرێک لە ئەکادیمیستانی هەرێمی کوردستان بە میدیای سیاسییەوە."
لەو توێژینەوەیەدا بۆچوونی ئەکادیمیستانی کوردستان لە رێگەی فۆرمێکی ئۆنلاین لەبارەی بەئاگابوون لە هەواڵی سیاسیی وەرگیراوە.
سەبارەت بە سەرچاوە سەرەکییەکانی هەواڵ و زانیاریی سیاسیی، دەرکەوتووە، کە 81٪ی بەشداربووانی سامپڵی توێژینەوەکە بۆ بەئاگابوون لە هەواڵی سیاسی پشت بە کەناڵی رووداو دەبەستن. 55٪یان پشت بە فەیسبووک دەبەستن.
نووسەر لە بەشێکی کتێبەکەیدا باسی دیوە تاریکەکەی میدیای کوردیش دەکات. رۆژنامەی ژیانەوەی بە نموونە هێناوەتەوە و نووسیویەتی، "بۆ زامنکردنی لکاندنی کوردستان بە عێراقی عەرەبییەوە ئەرکێکی قورس و گران کەوتبووە ئەستۆی رۆژنامەی (ژیانەوە) کە یەکێک لە ئامانجەکانی دەرچوواندنی، بانگەشەکردن بوو بۆ ئەم پرسە، بانگەشەکانی ژیانەوە بۆ (عێراق) و ( بە عێراقیبوون) لە ناو کورداندا، بە راددەیەک ئاشکرا و بێ پەردە بوو، کە ئیتر (عێراق)ی کردبووە ئەو نیعمەت و خێر و خۆشییەی هەموو کوردێک ئاواتەخوازی بوو و خەونی پێوە بینیوە، وا شوکر بۆ خودا بە ئاسانی لە سایەی ئینگلیزەوە پێی گەیشتوون و بۆیان هاتووەتە دی! بانگەشەی عێراقچیێتی منەوەرانی ئەو سەردەمەی کورد هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و گەیشتووەتە رادەی پیاهەڵدانی لەشکری داگیرکەری عەرەبی عێراقیش."
کتێبی دووەمی نووسەر بە بەناونیشانی (میدیای کوردی، شوناس و کارامەیی و نەرمە هێز)ە، کە چەند توێژینەوەیەکی زانستیی هاوبەشی نێوان نووسەر و پسپۆرانی هاوپیشەیەتی.
بەهات حەسیب قەرەداخی، ساڵی 1958 لە سلێمانی لە دایکبووە، پرۆفیسۆری یاریدەدەرە، مامۆستایە لە بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.
نووسەر خاوەنی 10 بەرهەمە بە ناوەکانی: وڕێنە - 1984 - شیعر، بەڵێنەکانی ئینگلیز و منەوەرانی کورد، فن الحوار - توێژینەوە، الحوار التلفزیوني فن و معرفة- توێژینەوە، میدیا پرس و ترس- توێژینەوە. هەڤپەیڤینی تەلەفزیۆنی هونەر و زانینە- توێژینەوە، العوامل الموثرة في انتاج المادة الخبریة- توێژینەوە، وڕێنەکانی کاتژمێر 25 - پەخشانە شیعر، میدیای کوردی لە رۆشنگەرییەوە بەرەو کوێ؟ - توێژینەوە و میدیای کوردی، شوناس و کارامەیی و نەرمە هێز - توێژینەوە.

