جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە

29-01-2020

23:07

رووسیا دەیەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری وزە لە هەرێمی کوردستان بکات

 
 رووداو - هەولێر 

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەرۆکایەتی شاندێک لە هەولێرە، کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی لە گەڵدایە و رووسیا بەنیازە وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری وزەدا بکات و بەشێک بێ لە هێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی عێراق.  
 
میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوەیە چووە لای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکانی، بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ کۆڕبەندی سانت پێترسبۆرگ. رووسیا کار لەسەر ئەوە دەکات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان نزیک و دۆستی بێت.
 
میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە هاوکات جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیایشە لەگەڵ شاندێکی سیاسی و ئابووریی رووسیا لە هەرێمی کوردستانە.
 
سەردانەکەی بۆگدانۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان و بێ تێپەڕبوون بە بەغدا، ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی مۆسکۆ بە هەولێر و هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و بونیادنانی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری دوورودرێژیان هەیە، ئەم پەیوەندییە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە حوزەیرانی 2017 بۆ مۆسکۆ چووە قۆناخێکی بەهێزتر، بەجۆرێک گەورەترین کۆمپانیایی رووسیا لەبواری وزە لەکەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کرد. رووسیا هەوڵدەدات پێگەی خۆی لەناوچەکە پتەوتربکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزبکات.
 
لەسەردانەکەیدا، بۆگدانۆف لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ستایشى رۆڵى نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی و بۆگدانۆڤ دۆخى عێراقیان تاوتوێکرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستەسەر خۆپێشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر و بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
 
بۆگدانۆف لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کۆبوونەوەیەک تێیدا چەندین پرسی سیاسی و ئابووری خرانەبەرباس.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەگەڵ ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى رووسى بۆ ماوەی دوو رۆژ لەهەرێمی کوردستان دەمێننەوە و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێت و تاوتوێی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا دەکەن.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:50

سەرۆك بارزانی سوپاسی حکومەت و کۆمپانیاکانی رووسیا دەکات

سەرۆك بارزانی سوپاسی حکومەت و کۆمپانیاکانی رووسیا دەکات
 
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی حکومەت و کۆمپانیاکانی رووسیای کرد بۆ هەڵوێستی ئەرێنیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە رۆژانی تەنگانەدا.
 
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا سڵاوی پووتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند. "وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی رووسیا و گەلی كوردستان و رۆڵی خانەوادەی بارزانی لەو پەیوەندییەدا، سەرۆك بارزانیشی وەك دۆستێكی مەزنی گەلی رووسیا ناوبرد".
 
کۆبوونەوەکە لە سەلاحەددین بەڕێوەچوو و ماكسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و ئۆلێگ لێڤین، كۆنسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە دیپلۆماتكار و بەرپرسانی كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی ئامادەی بوون.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پێزانینیشی بۆ سەقامگیری و پێگەی هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشان دا.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و رووسیا كرد و بە پێویستیشی زانی ئەو پەیوەندییانە قووڵتر و فراوانتر بكرێن. هاوکات نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئایندەی گەلی كورد لە سووریا بە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا گەیاند و بۆچوون و پێشنیازەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.

 

زیاتر بخوێنەوە

16:33

رووسیا بەفەرمی مەسرور بارزانی بۆ کۆڕبەندی ئابووریی سانت پێترسبۆرگ بانگهێشتدەکات

رووسیا بەفەرمی مەسرور بارزانی بۆ کۆڕبەندی ئابووریی سانت پێترسبۆرگ بانگهێشتدەکات
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رووسیایان تاوتوێکرد. بۆگدانۆڤ سڵاوی پووتینی گەیاندە مەسرور بارزانی و  "داوەتنامەی فەرمی پێشکەشکرد بۆ بەشداریکردن لە فۆرومی نێودەوڵەتی ئابووری سانت پێترسبۆرگ.
 
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە:
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/29 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا کرد.
 
لە دیدارێکدا، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا تاوتوێ کران.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ، سڵاوی سەرۆک ڤڵادیمێر پوتن و سەرۆک وەزیرانی رووسیای بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند و داوەتنامەی فەرمیشی پێشکەشکرد بۆ بەشداریکردن لە فۆرومی نێودەوڵەتی ئابووری سانت پێترسبۆرگ. 
 
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی ئارامبوونی دۆخی عێراق و سوریا و هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش و تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا.
زیاتر بخوێنەوە

16:05

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ مەسرور بارزانی لەکۆبوونەوەدایە

پێشوازی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
 
 
دوای ئەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ مەسرور بارزانی لەکۆبوونەوەدایە.

 

وێنەی کۆبوونەوەکە

پێشوازی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا

زیاتر بخوێنەوە

15:30

نوێنەری سەرۆکی رووسیا سڵاو و رێزی پووتینی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی

 
دوای ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە مۆسکۆوە راستەوخۆ گەیشتە هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ستایشى رۆڵى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد. هاوکات بانگهێشتنامەی فەرمیشی پێشکەشکرد بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووریی سانت پێترسبۆرگ.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا "سڵاو و ڕێزى بەڕێزان سەرۆک ڤلادیمیر پووتین و سەرۆکوەزیرانى رووسیاى گەیاندە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان".
 
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى لە دەستبەکاربوونى سەرۆکوەزیرانى نوێی رووسیا کردووە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ رووسیا دووپاتکردووەتەوە، هەروەها دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆمى رووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق تاوتوێکرا و جەختکراوەتەوە لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە نەکردنی عێراق بە گۆڕەپانی کێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا "تیشکیان خستەسەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان".
 
جگە لە دۆخی عێراق، دۆخی سووریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسی کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سووریا و رۆڵی رووسیا لەو وڵاتە تاوتوێ کران؛ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى رووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل و دۆخى ناوچەکە بەگشتى کراون.
 
شاندەکەی رووسیا لە هەریەکە لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، سێرگی پێترۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی گازپرۆم نەفت، ڤادیم یاکۆڤلێڤ، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گازپرۆم نەفت، ڤیاچێسلاڤ نیکۆنۆرۆڤ، سەرۆکی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سێرگی کاراڤاێڤ، سەرۆکی پرۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئابووری، ئەمنی و سیاسی پێکهاتبوو.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:35

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوونەوە

 کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:55

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە

 کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
رووداو - هەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گەیشتە هەولێر، بڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 29-1-2020 میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری ڤلادمیر پووتین بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە مۆسکۆوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
 
گەشتەکەی میخائیل بۆگدانۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بووە لە مۆسکۆوە بۆ هەولێر، جیاواز لە سەردانی بەپرس و سەرۆک و سەکردەکانی دیکەی وڵاتان کە راستەوخۆ چوونەتە بەغدا و پاشان هەولێر.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێ، میخائیل بۆگدانۆڤ تاوەکو سبەی ئێوارە لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بڕیارە لەو دوو رۆژەدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پرسی وزە، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و ئەمنیەتی کۆنسوڵخانەکان لەو مژارانە دەبن کە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا تاوتوێ دەکرێن.
 
رۆژی 7-10-2017 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، عێراق و چه‌ند پرسێكی سیاسی و تایبه‌ت به‌ وزه‌ تاوتوێکران.
 
 

 

 

 
 
 
 
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە