رووداو دیجیتاڵ
تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە. بەجۆرێک تەنیا لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023 لە شاری هەولێر، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە 35.6٪ زیادیکردووە. لەنێو توشبووانیشدا رێژەی زیاتر ژنانن. لە سلێمانیش، نەخۆشخانەی هیوا تا دێت تووشبووی زیاتر تۆمار دەکات. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2023 تەنیا لە نەخۆشخانەی هیوا، 3285 نەخۆش تۆمار کراون.
بەرنامەی ئەمجارەی (هێشتا ماویەتی) کە هێڤیدار ئەحمەد، رۆژنامەڤانی رووداو پێشکێشی دەکات، باس لە مەترسییەکانی نەخۆشیی شیرپەنجە و ئامارەکانی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی دەکات.
لەم بەرنامەیە دا، ئاشنای چیرۆکی جیاجیا دەبن؛ نەخۆشێک لەو پەڕی بێهیواییەوە هیوای بۆ دەگەڕێتەوە و شاگەشکە دەبێت کاتێک دکتۆر پێی دەڵێت بە تەواوی نەخۆشیی شێرپەنجەی تێپەڕاندووە. نەخۆشێکی دیکە پێی گوتراوە ئاستی شێرپەنجەکەت هێندە سەختە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق چارەی نییە. ئەویش نەخۆشییەکەی لە منداڵەکانی شاردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری هەرێمی کوردستان ریژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە شاری هەولێر لە ساڵی 2020 دا 6293 تووشبوو هەبووە و لە 2023 دا 9911 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون. واتە لە ماوەی ئەو ساڵانە دا تووشبوون بە شێرپەنجە بە رێژەی 35.6٪ زیادیکردووە.
دکتۆر تریفە جەلال، سەرپەرشتیاری قاوشی پیاوان لە نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: " زۆربەی ئەوانەی ئێستا تووش دەبن گەنجن و تووشبوونی گەنجان بە شێرپەنجە زۆر بووە."
رێژەی توشبوونی ژنان بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زۆر لە پیاوان زیاترە. ئەڤین ئەنوەر، پەرستار لە نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، ریژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، دوو هێندە زیادیکردووە.
ئەڤین ئەنوەر دەشڵێت: "هەموو رۆژێک بە تێکڕایی 120 تاوەکو 160 کەس چارەسەری کیمایی وەردەگرن".
ئەمە لەکاتێکدایە تریفە ئەنوەر، بەرپرسی قاوشی پیاوان لە نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: "رۆژانە 60 پیاو لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2023 تەنیا لە نەخۆشخانەی هیوا، 3285 نەخۆش تۆمار کراون، لە 2007ـەوە لەوکاتەی ئەم نەخۆشخانە کراوەتەوە تاوەکو 24-11-2024، 101 هەزار کەس وەک تووشبووی شێرپەنجە تومارکراون.
دەقی بەرنامەی هێشتا ماویەتی:
لە سلێمانیم، چووین بۆ بەدواداچوونی نەخۆشیی شێرپەنجە.
هەموو ئامار و ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەم نەخۆشییە بەرەو هەڵکشان دەچێت.
مەبەستم بوو بچینە نەخۆشخانەی هیوا، تایبەتە بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
هەر زوو چاوم بە دکتۆرە گەنجەکەی شێرپەنجە کەوت، ئەمە دکتۆر یاد نەقشبەندییە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوایە.
دکتۆر یاد دەڵێت، "ئەوەی لێرە دەبینرێن هەموو ئەو کەسانەن کە تووشی شێرپەنجە بوون".
بۆ ئەوەی دۆخەکە بزانین، یەکسەر چووینە نێو نەخۆشەکان، ئەوەی نەمویست ببینم یان چاوەڕێم نەدەکرد بیبینم، دواجار بینیم.
ئێرە رۆژی مەحشەری نەخۆشی شێرپەنجە..
پیر، گەنج، ژن، پیاو و منداڵ هەموویان تووشی ئەم دەردە گرانە بوونە، ئەوان دەیانەوێت بژین، بەڵام لەهەمان کاتدا شێرپەنجە لەنێو جەستەیاندایە.هاتوون قڕرسترین دەرمان بۆ دەردەکە وەربگرن، پێی دەڵێن کیمیایی.
ئەم نەخۆشییە ئەوەندە دەردێکی گرانە، هەندێ جار وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییش چارەی ناکات.
کام دەرگا و کام بەشی نەخۆشخانەکە بەسەر بکەیەوە، نەخۆشی زۆرتر دەبینی، شێرپەنجە بە گیانیانەوە ئاڵاوە و ئەوانی هیلاک کردووە.
ئەوانەی لێرە چارەسەر وەردەگرن، هەست دەکەی هەندێک تەمەنیان هەیە، دکتۆر تریفە جەلال، سەرپەرشتیاری قاوشی پیاوانە دەڵێت، "نا نا وانییە، تووشبوونی گەنجان بە شێرپەنجە زۆر بووە زۆر."
دکتۆر تریفە جەلال دەڵێت، "زۆربەی ئەوانەی ئێستا تووش دەبن گەنجن و تووشبوونی گەنجان بە شێرپەنجە زۆر بووە". ئەم قسانەی دکتۆر تریفە لە وەڵامی پرسیارێکی ئێمەدا بوو کە لێم پرسی ئەوانەی لێرە چارەسەری کیماییی وەردەگرن، هەموو پیرن؟ ئەو گوتی، "نا پیر نین هەموو لە خوار 70 ساڵی دان، گەنج زۆرن ئێشتا کە توشی شێرپەنجە دەبن، بەڵام وەرگرتنی چارەسەری کیمایی وادەکات نەخۆشەکان وەک کەسی بەتەمەن دەربکەون!".
رۆژانە بەس لە قاوشی پیاوان لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی زیاتر لە "60 تووشبووی شێرپەنجە"چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.
ئافرەت لە پیاو زۆرتر تووشی شێرپەنجە بوونە، ئەم بەشە پڕە.
نەخۆشکەوتنی ئافرەتان بە شیرپەنجە ئەوەندە زۆرە، هەیە بە پێنج کاژێریش نۆرەی وەرگرتنی چارەسەری کیمایی بەرناکەوێت.
ئەڤین ئەنوەر، پەرستاری ئەو بەشەیە، بەراوردێکی خێرای نەخۆشییەکە لەچاو 5 ساڵ پێش ئێستا دەکات، کە دوو هێندە و زیاتر زیاد بووە، "رۆژ هەیە بەس لە قاوشی ژنان، تاوەکو 10 تووشبووی ژن بە شێرپەنجە تۆماردەکرێن". ئەڤین ئەنوەر ئاماری زیاتری باسکرد، "هەموو رۆژێ بە تێکڕایی 120 تاوەکو 160 کەس چارەسەری کیمایی وەردەگرن".
کاتێ پرسیارم لێکرد تووشبوون بە شێرپەنجە کەمبووە یان زیاد؟ گوتی"ساڵی 2018 دا 17 تەخت مان هەبوو بۆ نەخۆش، ئێستا بوونەتە 34 تەخت و رۆژانە نەخۆشی نوێ وەردەگرین و نەخۆش هەیە پێنج کاژێر نۆرە دەگرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی".
کارەساتەگەورەکە لە منداڵانە، تەمەن و جورئەتی ئەو منداڵانە بەرگەی شێرپەنجە ناگرێت.
لێرە وەک دکتۆر رۆژان بۆمان باس دەکات، تووشبوونی منداڵان زۆر بووە.
سەنا سەنگەر تەمەنی چوار ساڵە، ئەو نازانێت چی روویداوە، بەڵام ئەنجامی پشکنینی شێرپەنجە دەرکەوتووە، کە لە جۆری تووندەکەیە، ئێستا چارەسەری کیمایی بۆ دادەنێن.
دکتۆر رۆژان باسی هەبوونی "تووشبووی نوێ بە شێرپەنجە دەکات کە ئێستا منداڵەکان دوو بەرامبەر و زیاتر بەراورد بە چەند ساڵێک تووشی شێرپەنجە دەبن". گوتی "زۆربەی ئەو منداڵانەی تووشی شێرپەنجە دەبن، تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن".
دکتۆر شاڵاو حەمەعەلی، دکتۆری شیرپەنجەیە لە نەخۆشخانەی هیوا، ئامارە ترسناکەکانی تووشبوون بە شیرپەنجە باس دەکات.
کاژێر چواری ئێوارە تەنیا لە نەخۆشخانەی هیوا ئەوانەی لەو رۆژەدا وەک تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، گەیشتووەتە 30 کەس!
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2023 تەنیا لە نەخۆشخانەی هیوا، 3285 نەخۆشن، لە 2007ـەوە لەوکاتەی ئەم نەخۆشخانە بووەتەوە تاوەکو 24-11-2024، 101 هەزار کەس وەک تووشبووی شێرپەنجە تومارکراون.
پێشرەو غەنی 65 ساڵە، تازە تووشی ئەم دەردە بووە، دکتۆر شاڵاو وردە وردە دەیەوێ پێی بڵێت دەبێ قبووڵی بکەی.
سەرەتا هەم پێشڕەو نەخۆشییەکەی لە منداڵەکانی شاردووەتەوە، هەم منداڵەکانیش زانیویانە و لە باوکیان شاردووەتەوە.
"کاتێ نەخۆشخانەی هیوام بەجێهێشت، لەبەر دەرگا شێوانم بینی لە هەولێرەوە هاتووە، پێی گوتراوە دادە گیان دەردەکەی تۆ بە شێرپەنجە ئەوەندە قورسە، نەک لە کوردستان لە عێراقیش چارەسەر هەر نییە. زوو لە خەمی خۆت دابە، چارەسەری تۆ لە دەرەوەیە."
هەولێر ...
هەر هەناسەیەک دەتوانێت دوا هەناسە بێت. ئێرە هەولێرە، رەنگە دۆخەکەی لە سلێمانی باشتر نەبێت.
لە ژێر ئەم پەردە رەشەدا، بەشێک لە نەخۆشخانەکانمان پڕن لە چیرۆکی شێرپەنجە. تەنیا لەنێوان 2020 و 2023 واتە یەک ساڵ 36.5% شێرپەنجە لە هەولێر زیاد بووە.
ئامارە پشتڕاستکراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان (تەنیا لە پارێزگای هەولێر):
- شێرپەنجە لە 2020 دا 6293
- شێرپەنجە لە2021 دا 7904
- شێرپەنجە لە2022 دا 9061
- شێرپەنجە لە 2023دا 9911
36.5% شێرپەنجە زیاد بووە
دەچینە دەوروبەری هەولێر، دەمەوێ نزیک لە پاڵاوتگە نەوتییەکان و کارگەکان بزانم، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە؟.
دکتور رابەر مەنتک، پزیشکی تاقیگەیە، هاوکاری ئێمە دەبێت، پشکنینی خوێن دەکەین، کێ مەترسی شێرپەنجەی لەسەرە.
چویینە رێگەی گوێڕ، لە گوندی لاجان لاماندا. هەر کە چووینە نێو گوندەکە، هەر کەسێ قسەم لەگەڵ دەکرد، دەیگوت لەم گوندە تووشبوون بە شێرپەنجە زۆرە، هەر بەو دەردەش گیانیان لەدەست داوە.
ماڵی هونەر تۆفیق یەکەم ماڵە پشکنینی خوێنیان بۆ دەکەین.
لێرە گەورە و بچووکیان باسی بۆن و دووکەڵی پاڵاوتگە نەوتییەکان دەکەن، پاڵاوتگەکان تەنیا چەند سەد مەترێک لە گوندەکە دوورن.
بەپێی ستانداردەکانی ژیان، پاڵاوتگەکانی نەوت دەبێ لایەنی کەم دوو کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان دووربن. ئەوەی لێرە دەبینین 100٪ پێچەوانەی هەموو ستانداردەکانە، نەک هەر ئەوانەی هەن بەردەوامن، بگرە هەموو رۆژی پاڵاوتگەی نوێ دادەنرێن.
پشکنینی هونەر و خێزانی و کچە 12 ساڵییەکەی هێڤیمان وەرگرت.
چووینە ماڵی بەهار، چیرۆکی تاڵی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، سێ کەس لەم ماڵە بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە، کوڕە 17 ساڵانەکەی بەهار و خەسووی و خوشکی مێردەکەی.
پشکنینی بەهار و خوشکی وەردەگرین.
وەرگرتنی پشکنینی خوێن وەک نموونە لە گوندەکە بەردەوام بوو.
دەچینە سەر رێگای کەرکووک... قوشتەپە تێدەپەڕێنین.
لەوێش پاڵاوتگە نەوتییەکان زۆرن. بەبێ پلان لەسەر رێگا گوندێکمان بینی لەنێوان دوو پاڵاوتگەی نەوتیدایە. هەر رێگای ئەوێمان گرتە بەر...
لە گوندی سێ نارە، عارەب حەسەن و نەوەکەیمان لەنێو گوندی سێ نارە بینی. هەر کە پرسیاری شێرپەنجەی لێ دەکەم، وەڵامەکەی یەکسەر راماندەگرێت، ناچارمان دەکات لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین.
عارەب حەسەن دەڵێت، "شێرپەنجە ئەوەندە زۆرە تا کەیفت دێت!".
پشکنینمان بۆ هەشت کەس کرد، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامەکانیان بکەین.
تاوەکو ئەنجامەکان دەردەچن، چووینە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، یەکەم نەخۆشخانەی شێرپەنجەیە کە لە هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
لێرە تەنیا چارەسەری شێرپەنجەی خوێن دەکرێت. بەپێی زانیاری پشتڕاستکراوە تەنیا لەم نەخۆشخانەیە رۆژانە 3 تاوەکو 5 کەسی نوێ وەک تووشبووی شێرپەنجەی خوێن تۆماردەکرێن.
رێگە نەدرا تیمی بەرنامەکە بچێتە نێو نەخۆشخانەکە.
لێرە، مەجلیسی شۆک بوونە، لە تووشبوونی خەڵک بەو نەخۆشییە، تازە دکتۆرەکان بەم خێزانەیان گوتووە، کچە 18 ساڵییەکەیان تووشی ئەم دەردە بووە.
هێشتا ئەنجامی پشکنینەکان دەرنەچووە...
زانیاریمان هەیە، خەڵک لەنێو هەولێر خانووەکانی خۆیان دەفرۆشن، دەچن لە دەوروبەری هەولێر دەژین.
لە فلکەی زراعە لە شاری هەولێر نووسینگەی عەقارات هەیە، ئەم فلکەیە چوار گەڕەکی هەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە.
دەچینە نووسینگەی زانا فارس، لەوێ هەر کە پرسیم راستە خەڵک لەبەر ژینگە لەنێو هەولێر دەچنە دەرەوە؟
دەڵێن، بەڵێ وایە.
سەید نووری پیاوێکی سەرووی 60 ساڵە، لە مەجلیسەکە دانیشتبوو، هەر زوو هاتە قسە و گوتی خێزانیشم ئەم داواکارییەی هەیە.
بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ قەدرییە دەکەم، کە بۆ دەیەوێ خانووی خۆی بفرۆشێ؟
لەگەڵ سەید نووری چووینە ماڵیان، قەدرییە خانم بینی، رووبەڕوو پێم گوت، بۆ لێرە دەتەوێ بڕۆی؟
قەدرییە رەشید دەڵێت،"کەش و هەوا پیسە، تەنیا لە خزمی نزیکی من چوار کەس تووشی شێرپەنجە بووە".
لە تەنیشت ماڵی سەید نووری، نووسینگەی عەقارات هەیە... لەو نوسینگەیە بە ئێمەیان گوت: "خەڵک هەر کە پارەی کەوتە دەست ناوشار بەجێدەهێڵن، چونکە ئەو کەشوهەوایەی هەیە هوکاری تووشبوونی خەڵکە بە شێرپەنجە". ئەمە قسەی رێبواری خاوەنی نوسینگەی عەقاراتە لەسەر شەقامی 40 مەتری لە نزیک فولکەی زراعە.
مەبەستم بوو، بەهرۆزی کوڕی حەسەن ببینم، دەبێ بچینە گەڕەکی فەرمانبەران. کوڕێکی گەنج پڕ لە ئومێد، لەنێو جلی رەشدا خۆی داپۆشیوە، پێستی بەهرۆز هەمووی تووشی هەستیاریی بووە و هەمووی گیانی بووەتە خاڵی سوور گوتی، "ئەوەندە دەخورێنم تاوەکو خوێنی لێنەچۆڕێ دڵم ئیستیراحەت ناکات".
ئەنجامی پشکنینەکان دەرچوون، پێنج کەس بەسەلامەتی دەرچوون، پزیشکەکان هەندێ گومانیان لە سێ نەخۆش هەبوو.
هونەر و هێڤی دوو کچی گوندی لاجان، عارەب حەسەن لە گوندی گرەدەسوور.
دەبێ پشکنینی زیاتری خوێن و سۆنەر و تیشکی موگناتیسی بۆ ئەو سێ نەخۆشە ئەنجام بدەین.
هەر وامانکرد... هونەر تۆفیق و هێڤی کچی دوای دڵنیابوونی 100٪ لە سەلامەت دەرچوون، گەڕانەوە نێو کەسوکاری خۆیان.
دکتۆرەکان داوای روونکردنەوە و پشکنینی زیاتر بۆ عارەب حەسەن دەکەن، چونکە هەم لە پشکنینی خوێن و هەمیش لە تیشکەکان گومانێک دروست بووە، دەیانەوێ تەواو دڵنیابن لە دۆخی تەندروستی.
دەبێ تیشکی ئێم ئار ئای بۆ عارەب حەسەن بگرن. ئەمجارە بە نابەدڵی هاتەوە بۆ نەخۆشخانە. دکتۆرەکان بە وریایی زیاتر لەگەڵی دەجوڵێنەوە... پشکنینی دڵ و هەناو و دوازدەگرێ و پەنکریاسی بۆ دەکەن.
دوای نیو کاژێر لەنێو پشکنینی تیشک و دەرچوونی ئەنجامەکان، گومانی ئەمجارەی پزیشکان لە پەنکریاسە. بۆ ئەوەی 100٪ دیار بێت، دەبێ پرۆسەی نازوور بۆ مام عارەب بکرێت.
هەندێ پشکنینی ڤایرۆسیی و پشکنینیان بۆ دڵی مام عارەب کرد. پزیشکی بەنج، روونکردنەوەی تەندروستی دەدایە نەخۆشەکە.
هاوەڵی مام عارەب نەوەیەتی، بڕیاری کۆتایی لەدەستدا نەبوو، ئیمزای بکات بۆ ئەنجامدانی نازوور، دکتۆر بە تەلەفۆن لەگەڵ کوڕی گەورەی مام عارەب قسە دەکات ناوی ئەحمەدە.
ئەحمەد رازی نابێت بەنجی گشتی بۆ باوکی بکەن. تاوەکو نازووری بۆ بکەن، نەوەی مام عارەب رادەسپێردرێت و بەناوی هەموو خێزانەکەی ئیمزا دەکات کە نابێ نازوور بۆ باپیری بکرێت.
دکتۆرەکان نەیانتوانی بڕیاری کۆتایی لەسەر نەخۆشی مام عارەب بدەن، گرێیەکەی بە نەکراوەیی مایەوە.
نەخۆشێک بۆ ئەوەی بڵێ شێرپەنجەت نییە دەبێ 100% پشکنینەکان بکرێن و دڵنیابن، ئینجا نەخۆشەکە بچێتەوە.
بۆ ئەوەی بە نەخۆشێک بڵێن شێرپەنجەت هەیە، دەبێ 100٪ دڵنیابن لە پشکنینەکان، تاوەکو بە نەخۆشەکەی رابگەیێنن.
ئەم دیمەنانە لە 20-11-2024 رووداو لەنێو شاری هەولێر توماریکردووە ئێرە هەولێرە، شارێکە هەر حەز دەکەی بیبینی.
پاکی و تێکچوونی ژینگەکەی بەدەست مرۆڤەکانە، دیمەنەکان پێمان دەڵێن ئەگەر ژیانمان خوش بووێ دەتوانین لە هەولێرێکی ئاوهادا بژین.
دکتۆر سارا نیزامەدین لە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دەڵێت، مەرج نییە ئەوەی تووشی شێرپەنجە دەبێت گیانلەدەست بدات، هەر کە چووینە کلینیکەکەی نەخۆشێک هاتووە و ئەنجامی پشکنینێکی نوێ دەخاتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ