رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، "500 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ دابەشکردن بەسەر کرێنشیناندا نزیکن لەوەی ئامادە بن." ئاماژە بەوەش دەکات، "دابەشکردنی یەکەکان بە خاڵبەندییە و هەر هاونیشتمانییەک کەمدەرامەت یان داهاتی سنووردار بێت یان ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی زۆر بێت و گوزەرانی خراپ بێت، خاڵی بەهێزی بۆ وەرگرتنیان هەیە."
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژە بەوە دەکات، هەنگاوە کردەییەکانی بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشینان دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا خشتەیەکی یەکەکان و داواکارییەکان بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو خشتەیە، 8 هەزار و 832 یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکرێن، بەڵام ئەوانەی داواکارییان پێشکێشکردووە 23 هەزار و 922 کەسن. ئەوانەی داواکارییان پێشکێشکردووە، 7555 کەسیان فەرمانبەرن و 15 هەزار و 605 داواکاری دیکەیان بێکارن، لەگەڵ 762 نیڤشکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال) بە رووداوی راگەیاند، دابەشکردنی یەکەکان کراوەتە پاکێج و بەسەر ناوچە جیاوازەکان پۆلێن کراون.
توانا بەشیر گوتی، "خشتەکە بۆ هەموو شوێنەکان جیاکراوەتەوە. هەر پارێزگەیەک کراوەتە کۆمەڵێک پاکێج. بۆ نموونە، شەقڵاوە و پیرمام بە یەک پاکێج دانراون. ئەو شوێنانەی جیاکراونەتەوە، هاووڵاتییان دەتوانن لەو شوێنە داوای یەکە بکەن. بۆ نموونە، کەسێک خەڵکی کۆیە بێت ناتوانێت لە هەولێر داوای بکات و ئەگەر داواشی بکات، سیستمەکە دەیباتە کۆیە، بەهۆی ئەوەی کارتی زانیاری و بەڵگەنامە فەرمییەکانی دیکەی لەوێن."
لە سنووری پارێزگەی هەولێر هەزار و 340 یەکە دابەش دەکرێن، بەڵام 8 هەزار و 704 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە؛ لە سلێمانی 4 هەزار و 10 یەکەی نیشتەجێبوون دابەش دەکرێن، بەڵام 12 هەزار و 171 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە؛ لە دهۆک دوو هەزار و 116 یەکە دابەش دەکرێن، بەڵام دوو هەزار و 705 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە. لە سنووری پارێزگەی هەڵەبجەش 192 یەکە دابەش دەکرێن، بەڵام 359 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
لەبارەی خاڵە بەهێزەکان، توانا بەشیر ئاماژە بەوە دەکات، "کەم دەرامەت یان خاوەنی دەرامەتێکی سنووردار بیت، خاڵێکی بەهێزە بۆ وەرگرتنی یەکە؛ داواکار خاوەن خێزان بێت و ئەندامانی خێزانەکەی زۆر بن. بۆ نموونە، ئەگەر پێنج منداڵی هەبێت خاڵی بەهێزتر وەردەگرێت و ئەگەر لە پێنج منداڵ زیاتری هەبێت، نمرەی تەواو وەردەگرێت بۆ وەرگرتنی یەکە. خزمەتی فەرمانبەری خاڵێکی دیکەیە."
توانا بەشیر گوتی، "بۆ فەرمانبەر، بێکار و نیڤشکان، پشکی دیاریکراو تەرخانکراوە. بۆ نموونە، فەرمانبەران پشکی کەسانی بێکار یان نیڤشکان نابەن، بەڵکو بەشەکانیان جیاکراوەتەوە."
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 385 یەکە دابەشدەکرێن، بەڵام هەزار و 380 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە؛ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 324 یەکە دابەش دەکرێن، بەڵام 527 کەس خواستی وەرگرتنی یەکەکانیان هەیە؛ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 324 یەکە دابەش دەکرێن، کەچی 499 کەس داواکاریی وەرگرتنی یەکەیان پێشکێش کردووە؛ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 360 یەکە دابەش دەکرێن، بەڵام 547 کەس داواکارییان پێشکێشکردووە.
لەبارەی ئەو یەکانەی ئێستا ئامادەن بۆ دابەشکردن بەسەر کرێنیشیناندا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتی، "لە سیتەک و زڕگوێز کۆمەڵێک یەکە ئامادەکراون و خزمەتگوزارییەکی کەمیان ماوە. ئەوانە تەواون، بەڵام پێویستیان بە هەندێک خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوە هەیە و ئامادەن بۆ وەرگرتن. زۆربەی پڕۆژەکانمان کە بەهۆی قەیرانەوە وەستاون، کە دەستپێدەکەینەوە، دەبێت چاکسازییان تێدا بکرێت، 90%ی بەشێکی ئەو یەکانە تەواون."
توانا بەشیر گوتیشی، "نزیکەی 500 یەکە دابەشکردنیان نزیکە، دوای تەواوبوونی خزمەتگوزارییەکان؛ بەڵام یەکەکانی دیکە ناتوانین هیچ کاتێک دیاریبکەین."
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کار بۆ ئامادەکردنی یەکەکان کراوە، بەڵام لە مەخموور "بەهۆی ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی کارگێڕیی هەرێمی کوردستاندا نییە، نەتوانراوە یەکە ئامادە بکرێت، هەروەها لە رواندز ئەو یەکانەی هەن، کوالێتییان زۆر خراپە و کەڵکی دابەشکردنیان نییە، بۆیە رەنگە کەسی جێبەجێکار بدرێتە دادگە و لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ