عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەری گشتی بزووتنەوەى ئيسلامى ھەڵبژێردرایەوە

28-07-2016
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن عیرفان عەبدولعەزیز
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەجیاوازی 80 دەنگ لە ركابەرەكەی، بە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵبژێردرایەوە.

لە کۆنگرەی 11ی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کە لە رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەبەدەستهێنانی 197 دەنگ بە رابەری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.

هاوكات كامیل حاجی عەلی، كە تەنیا ركابەری عیرفان عەبدولعەزیز بوو، 117 دەنگی بەدەستهێنا.

عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی كۆنگرە بە رووداوی راگەیاند، لە 370 ئەندامی كۆنگرە 30 دەنگ بەتاڵ بوون.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز کێییە؟

- لە 12-12-1964لە پارێزگای ھەڵەبجە لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناسراو لە دایکبووە.

- قۆناخی سەرەتای لە ھەڵەبجە خوێندووە، دواتر لە قۆناخی خوێندنی ناوەندی چووەتە خوێندنی دیراساتی ئیسلامی لە ھەڵەبجە.

- لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان لە بەشداری خۆپیشاندانەکانی پارێزگای ھەڵەبجە لە دژی حکومەتی بەعس کردووە.

لە ساڵی 1983 -1984 لە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام بەھۆی گومانی چالاکی سیاسیی و ئیسلامی و ناکۆکی لەگەڵ یەکێتی قوتابیانی سەر بە حیزبی بەعس دووچاری دەرکردن بووە و لە خوێندن دوورخراوەتەوە و گەڕاوەتەوە ھەڵەبجە.

- لەگەڵ ھەر یەک لە شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی مامی، کە یەکەم رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، لەگەڵ باوکی عەلی عەبدولعەزیز کە فەرماندەی مەکتەبی عەسکەری ھێزی پێشمەرگەی بزووتنەوە بوو، لە ساڵی 1987 ئاوارەی رۆژھەڵاتی کوردستان و چیاکانی سەر سنوور دەبن.

- لە دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی تاوەکو ساڵی 1990 عیرفان عەبدولعەزیز ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بزووتنەوە بووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێتە زانکۆی تاران بەشی زانستە سیاسییەکان.  پاشان لە ساڵی ١٩٩٤ کۆلیژی شەریعە تەواو دەکات و پاشان دەست بە خوێندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.

- دواتر گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان وەکو راوێژکاری شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی مامی، کە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بووە، دەستبەکاربووە.

- پاشان بووەتە بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی بزووتنەوەی ئیسلامی.

- لە ساڵی 2003 باشووری کوردستان جێدەھێڵێت و تاوەکو 2007 ناگەڕێتەوە، پاشان وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستبەکاردەبێت، لە کۆنگرەی 10 ئەو حیزبە لە ساڵی 2012 بە رابەری  گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵدەبژێردرێت.

- لە رۆژی 28-7-2016 و کۆنگرەی 11ی ئەو حیزبە جارێکی دیکە بە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ھەڵبژێردرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە