رووداو - دەڤەری سۆران
کاری پاککردنەوەی زبڵ و خاشاکی هەر پێنج قەزاکانی کۆیە، سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر لە سنووری پارێزگای هەولێر وەستاوە و بە ماوەی چەند رۆژێک شەقامەکان پڕبوون لە زبڵ و خاشاک، سەوزایی و پارکەکان چەند رۆژێکە ئاو نەدراون، هۆکاری راگرتنی کارەکە لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە پێنج مانگە شایستە داراییەکانیان پێ نەدراوە.
فەتحی عەبدوڵڵا دووکاندارە و دەڵێت، "بەو چەند رۆژە زبڵ و خاشاکی زۆر کۆبووەتەوە و بۆنێکی ناخۆش سەرتاپای ئێرەی داگرتووە، کاریگەریی لەسەر بازاڕەکەمان دروستکردووە، وای کردووە خەڵکی نەیەنە ناو زبڵ و خاشاک و بۆنی ناخۆشەوە".
کۆمپانیای پاپە گرووپ ماوەی 10 ساڵە ئەرکی بەڵێندەرایەتیی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ئەو پێنج قەزایەی سنووری پارێزگای هەولێری لەئەستۆیە، لە بەرامبەر کارەکانیاندا حکومەت مانگانە بڕی ملیارێک و 380 ملیۆن دیناری پێدەدا، بە هەزار و 280 کارمەند و کرێکار و شۆفێر کاریان دەکرد.
نامیق خەلیفانی، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای پاپە گرووپ دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە شایستە داراییەکانی پێنەداوین، کرێکار بێ مووچە کار ناکات و لە چینی هەرە هەژاریشن، بۆیە چیتر لە تواناماندا نەما و کارەکانمان راگرتووە".
جگە لە کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک مەترسیی وشکبوونیش لەسەر دار و سەوزایی پارک و رێگە گشتییەکان دروستبووە، ئێستا حکومەت دەڵێت پارەی گرێبەستەکەیان زۆرە و دەبێت لە بەرامبەر 600 ملیۆن دیناردا کارەکانیان بکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران ئاماژە بەوە دەکات "بەردەوام لەگەڵ وەزیری شارەوانی لەسەر خەت بووین، بۆئەوەی بتوانین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەین، دیارە جگە لە شایستە داراییەکانیش کۆمپانیا بەو بڕە پارەوە رازی نییە، بەڵام هەوڵی جیددی هەیە و بەزووترین کات چارەسەر دەکرێت".
بەپێی ئاماری شارەوانییەکانی ناوچەکە، رۆژانە لە سنووری ئەو پێنج قەزایەدا کۆمپانیاکە لەڕێگەی 300 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە نزیکەی 700 تۆن زبڵ و خاشاکی کۆدەکردەوە.


