رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەرێوەبەرانی سایلۆکانیش وردەکاریی کاتەکانی کارکردن و بڕی ئەو گەنمەی رۆژانە وەردەگیرێت، دەخەنە روو. بەرێوەبەری سایلۆی هەولێریش دەڵێت:"هاتنی جووتیاران لە چاوەڕوانی ئێمەدا نییە".
رۆژی شەممە، 13ـی حوزیرانی 2026، نەسرین ئەحمەد، بەرێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی سلێمانی دەستیپێکرد، رۆژانە لە کاژێر 08:30 تاوەکو 04:00ـی ئێوارە ئۆتۆمبێل وەردەگرین، چونکە فەرمانبەرەکانمان لە سلێمانی و رێگەی دوورەوە بە پاس هاتووچۆ دەکەن، بۆیە تاوەکو کاژێر 04:00 رێگە بە هاتنە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل دەدەین."
بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، تاقیگەیان هەیە و هەر گەنمێک خراپ بێت و لە تاقیکردنەوە دەرنەچێت، وەریناگرن.
نازم محەممەد، بەرێوەبەری سایلۆکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "دوێنێ 1205 تۆن گەنم لە سایلۆکەمان وەرگیراوە، وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بە نۆرەیە و رۆژانە دەتوانن 65 ئۆتۆمبێل وەرگرن ئەگەر نۆرەیان گرتبێت."
بەرێوەبەری سایلۆکانی دهۆک گوتی، پڕۆسەکە لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە دەستپێدەکات تاوەکو هەموو ئۆتۆمبێلەکان تەواو دەبن. گوتیشی: "دوێنێ 5 ئۆتۆمبێل گەنممان بەهۆی خراپییەوە رەفز کردەوە و ئەمڕۆش تاوەکو ئێستا وەرگرتن بەردەوامە."
لەبارەی دۆخی سایلۆکانی هەولێریش، میران بەختیار، بەرێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتنی جووتیاران لە چاوەڕوانی ئێمەدا نییە، نۆرە لە بەرنامەکەدا زۆرە بەڵام هاتنی جووتیاران کەمە."
میران بەختیار باسی لەوەکرد، کە دوێنێ لە هەردوو سایلۆکە 20 ئۆتۆمبێلیان هەبووە و ئەمڕۆش بووەتە 40 ئۆتۆمبێل، هەروەها گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە گەنمێک رەفز نەکراوەتەوە و هەموویان باش بوون."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێت.
پار حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، هەر یەک تۆن بە 800 هەزار دینار.




