لە کەرکووک پارتی و نەوەی نوێ بەشداریی کۆبوونەوەیەک ناکەن

28-04-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن کەرکووک پارتی نەوەی نوێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک حیزبە کوردستانییەکان لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانیێتییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدان، پەیامنێری رووداو دەڵێت، پارتی و نەوەی نوێ بەشدار نین. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانیێتییەک بدرێت. 
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حیزبە کوردستانییەکان لە بارەگای مەڵبەندی یەکێتییە لە کەرکووک. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو رایگەیاند، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ حیزبە کوردستانییەکانی دیکە لە کۆبوونەوەکە بەشدارن. ئەمەش لەبەرئەوەی پارتی خۆی لە کەرکووک نییە و نەوەی نوێش پێشتر و ئێستاش بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. 
 
رۆژی 05-05-2021 دوایین وادەیە بۆ پێشکێشکردنی هاوپەیمانیێتی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. پەیامنێری رووداو دەڵێت، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ رەنگە دوایین کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بێت لەسەر پرسی هەڵبژاردن و بڕیار لەبارەی هاوپەیمانیێتییەکە بدرێت.
 
تاوەکو ئێستا حیزبە کوردستانییەکان 15 کۆبوونەوە زیاتریان کردووە و ئەم کۆبوونەوانەش بۆ ئەوەیە لیستێکی هاوپەیمانی کوردستانی لە کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دروست بکەن. 
 
پەیامنێری رووداو باسی "مەترسییەک" دەکات لە کەرکووک و دەڵێت "عەرەب کە سێ کورسیان لە سنووری حەویجە هەیە رکابەری و ململانێیان لەنێوان خۆیاندا هەیە، بەڵام لەو بازنانەی کە لەگەڵ کورد و تورکمان تێکەڵن هەوڵدەدەن تەنیا یەک بەربژێریان هەبێت بۆ ئەوەی کورسییەک یان دوو کورسی بەدەستبهێنن. بەڵام حیزبە کوردستانییەکان تاوەکو ئێستا یەکدەنگ نین و دەیانەوێت بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەربژێری خۆیان هەبێت، ئەمەش دەنگی کورد پەرتەوازە دەکات."
 
حیزبە کوردستانییەکان لە هەوڵی تەواودان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات "ئەگەر بێت و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڕیاربدرێت هەموو حیزبە کورستانییەکان یەک دەنگ بن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بڕیار لەسەر ئەوەبدات بەشداری هاوپەیمانیێتییەکە بکات، ئەوکات کورد کورسی زیاتر لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەر دەکات."
 
وا بڕیارە رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 26 ملیۆن و 642 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە