رووداو دیجیتاڵ دوای حەوت مانگ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی گەنجێکی خەڵکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری وانی باکووری کوردستان دۆزرایەوە، کە پێشتر بە مەبەستی کارکردن رووی لەو شارە کردبوو. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2026، بنەماڵەی بەهمەن ئەحمەدی، گەنجی تەمەن 37 ساڵانی خەڵکی ورمێ، پشتڕاستیان کردەوە کە شەوی رابردوو لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان ئاگادارکراونەتەوە. خوشکێکی بەهمەن ئەحمەدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێیان راگەیاندووین کە بەهمەن حەوت مانگ لەمەوبەر بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شاری وان گیانی لەدەستداوە. تەرمەکەی چوار مانگ لە دادپزیشکیی وان ماوەتەوە، دواتریش سێ مانگ لەمەوبەر لەو شارە بەخاکسپێردراوە." خوشکی بەهمەن وەحیدی گوتی، ئێستا بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان چوونەتە شاری وان بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و دەرهێنانەوە و هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی لە ورمێ. پێشتر لە 21ی حوزەیرانی 2026، موراد ئەحمەدی، باوکی بەهمەن بە رووداوی راگەیاندبوو کە کوڕەکەی بۆ کارکردن چووەتە باکووری کوردستان و پاش ئەوەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێیگوتوون دەگەڕێتەوە، هەموو پەیوەندییەکی پچڕاوە. باوکی ئاماژەی بەوەش کردبوو کە سێ جار بۆ سۆراخی کوڕەکەی سەردانی تورکیای کردووە، بەڵام بێئەنجام بووە. بەهمەن ئەحمەدی، تەمەن 37 ساڵ، خێزاندار و باوکی چوار منداڵ بوو.