رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینێک لە قەزای سۆران لە دوێنێوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە. ئامۆزایەکی دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو پیاوەی ون بووە ناوی خانۆ عەبدولڕەزاقە، دانیشتووی شاری سۆرانە و تەمەنی لەنێوان 60 بۆ 70 ساڵدایە، دوێنێ کاژێر 09:00ـی بەیانی لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕاوەتەوە ماڵ.
فکری میران کە ئامۆزای مام خانۆیە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنی کە لە ماڵ چووەتە دەرەوە کەمێک نەخۆش بووە و گوتوویەتی، دەچێت مووچەکەی وەرگرێت و دواتر دەچێتە نەخۆشخانە".
دەنگۆی ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، مام خانۆ سێ مووچەی خانەنشینیی وەرگرتبێت پێش ئەوەی ون بێت، بەڵام ئامۆزاکەی ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: "نازانین مووچەکەی وەرگرتووە یان نا، هێزە ئەمنییەکان لەسەر هێڵن و لە کامێراکانی چاودێرییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن".
لە نزیک نیوەڕۆدا کوڕێکی مام خانۆ لە بازاڕدا باوکی بینیوە، بەڵام لە دوای ئەوە ون بووە. ئەو هاونیشتمانییە مۆبایلەکەی لە ماڵەوە جێهێشتووە، ئەوەش وایکردووە کەسوکارەکەی بێ ئاگابن لێی.
کەسوکاری مام خانۆ سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە هیچ سۆراخێکیان دەستنەکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ