دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ جەژن 24 کاژێر بەڕووی بازرگانیدا دادەخرێن

28-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە بۆ ماوەیەک بەڕووی بازرگانیدا دادەخرێن. گوتەبێژەکانیان دەڵێن، دەروازەکان بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاریدا 24 کاژێر کراوە دەبن.
 
سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاری دەکرێت، بە گوێرەی رۆژەکانی مانگەکە، یەکشەممە یان دووشەممە یەکەم رۆژی جەژن دەبێت.
 
مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 24 کاژێر هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکەمان رادەگیرێت".
 
گوتەبێژی دەروازەی باشماخ گوتی، هیچ کاتێک هاتووچۆی گەشتیاری راناگیرێت و 24 کاژێر دەروازەکە کراوە دەبێت. گوتیشی: "دووەم رۆژی جەژن هاتووچۆی بازرگانیش ئاسایی دەبێتەوە".
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی رێککەوتنی پێشووی نێوان پارێزگارانی هەولێر و ورمێ، دەروازەکە 24 کاژێر بە رووی هاتووچۆی بازرگانیدا دادەخرێت".
 
بە گوتەی سیروان حوسێن، تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی هاتووچۆی بازرگانی رادەگیرێت. گوتیشی: "یەکەم رۆژی جەژن و رۆژانی دواتریش، هاتووچۆی گەشتیاریی لە سنوورەکە ئاسایی دەبێت".
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا، سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی هەن؛ پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.
 
لە رێگەی لیژنەی بینینی مانگەوە یەکەم رۆژی جەژن دیاری دەکرێت. د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێوارەی سبەی لیژنەی بینینی مانگ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و دواتر وەزارەت بە فەرمی رۆژی جەژن رادەگەیێنێت، کە یەکشەممە دەبێت یان رەمەزان 30 رۆژ دەبێت و دووشەممە دەبێتە جەژن".
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 10ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی وان چەند قاچاخچییەکی دەستگیرکردووە. وێنەکە ئەرشیڤە و نوێ نییە.

لە وان 14 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەدا لە کۆی 14 کەس کە بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکران، شەش کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.