شاندێکی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوە

28-01-2025
خالید جەمیل
وێنەیەکی مەزڵووم عەبدی و لۆگۆی ئەنەکەسە
وێنەیەکی مەزڵووم عەبدی و لۆگۆی ئەنەکەسە
A+ A-

رووداو- هەولێر 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند، شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە کۆبووەتەوە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 28-01-2025، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، ئێمەش وەک ئەنەکەسە سەردانی هەولێرمان کرد و سەبارەت بە پێویستیی دروستکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد و پێکهێنانی شاندێکی کوردی قسەمان کرد". 
 
فەیسەڵ یوسف گوتی، ئەوانیش داواکاریی سەرۆک بارزانییان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەسەدە و پێکهێنانی شاندی هاوبەش پەسند کردووە و لایەنی نێودەوڵەتیشیان ئاگادار کردوەتەوە کە بۆ کۆبوونەوە ئامادەن.  
 
گوتەبێژی ئەنەکەسە باسی لەوە کرد، "ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە کۆبووینەوە. مەزڵووم عەبدی دڵخۆشی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەربڕی".
 
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانیش وەکو ئەنەکەسە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە لەگەڵ یەکدەنگی و یەکڕیزیی گەلی کورد دان لە رۆژئاوای کوردستان. 
 
وەکو فەیسەڵ یوسف گوتی، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە پێویستە شەڕی راگەیاندن لەلایەن هەردوولاوە بووەستێت و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بێت، ئەوا لە کاتێکی زۆر نزیکدا بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش رێکدەکەون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە