رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو دەڵێت، هەمواری هەڵبژاردنەوەی ئەمینداری گشتی بۆ زیاتر لە دوو خول، لە کۆنگرەدا دەنگی لەسەر دەدرێت. گوتیشی، لە کۆنگرەی نۆیەمی حیزبەکەدا زیاتر جەخت لە پەروەردە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27-12-2024، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر کۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست. حاجی کاروان، ئەندامی کۆنگرەکە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پێڕەوی نێوخۆی حیزبەکە بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو گۆڕانکاریی سەرەکی کراون، یەکێکیان پێشتر کە ناوەندمان هەبوو، دواتر دەزگا و مەڵبەند، ئێستا شتێک بە ناوی ناوەند نەماوە و کراوە بە مەکتەب و راستەخۆ پەیوەستن بە مەڵبەندەکان، هەروەها لەم کۆنگرەیەدا زیاتر جەخت لە پەروەردە دەکرێتەوە.
حاجی کاروان گوتی: ''ئێمە جگە لەوەی حیزبێکی سیاسین، حیزبێکی پەروەردەیین و دەمانەوێت تاکی کۆمەڵگە، پەروەردەیەکی جوانی ئایینی-ئەخلاقی و رەسەنی کوردانەی هەبێت، بۆ ئەوەی بەهاکانمان لەدەست نەچێت.''
تاوەکو ئێستا تاکە بەربژێر بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی تەنیا سەلاحەدین بەهائەدینە. ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی گوتی: ''ئەم کۆنگرەیە بچووک ناکەمەوە لەسەر ئەوەی کە مامۆستا سەلاحەدین جارێکی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە یان نا، بەڵکو ئەمە تەنیا یەکێک لە بڕگەکان بووە.''
بەپێی پەیڕەوی پەسندکراوی کۆنگرەی پێشووی ئەو حیزبە، ئەمینداری گشتی تەنیا بۆ دوو خول دەیتوانی ئەمیندار بێت، بەڵام هەموارێک بۆ پەیڕەوی نێوخۆی حیزب ئامادەکراوە و بەپێی هەموارە نوێیەکە؛ رێگە بە ئەمینداری گشتی دەدرێت جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە سەڵاحەدین بەهائەدین 7 خولە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامییە.
حاجی کاروان گوتی، ''ئەمە هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە مامۆستا سەلاحەدین خۆی بەربژێر کردووەتەوە، بەڵام تۆ ناتوانیت کەسێک سنووردار بکەیت کە تەنیا دوو جار خۆی بۆ پۆستەکە بەربژێر بکات، لەبەر ئەوەی لەوانەیە کەسێک توانای هەبێت کە دووبارە خۆی هەڵبژێرێتەوە، بۆیە با رێگر نەبین لە بەرامبەری.'' گوتیشی: ''هەمواری هەڵبژاردنەوەی ئەمینداری گشتی بۆ زیاتر لە دوو خول لە کۆنفراس دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام دووبارە لە کۆنگرە دەنگی لەسەر دەدرێتەوە. کێ دەڵێت دەنگیش دەهێنێت.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نۆیەم، هیچ رێگرییەک بۆ بەربژێربوونی هیچ یەک لە ئەندامانی کۆنگرە بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی نییە، ''بە مەرجێک تەمەنیان قبووڵکراو بێت و لانیکەم دوو خول ئەندامی سەرکردایەتی بووبن.''
پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەی هەریەکە لە ئەبوبەکر کاروانی، ئەبوبەکر هەڵەدنی، مەولوود باوەموراد، محەممەد رەئووف، عەلی محەممەد و لوقمان جامیعی، لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو درابوو، بەڵام دواتر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکە ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و داوای لێکردن داواى لێبووردن له سهركردایهتى و رێكخستنهكانى حیزبەکە بكهن.
حاجی کاروان گوتی: ''حیزبێکی گەورە و گرانین، زۆر ئاساییە ژمارەیەک رێکاری کارگێڕی بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتەبەر، بۆ نموونە پێشتر رێکار بەرامبەر منیش گیراوەتەبەر، پۆستم کردووە لەسەر ئێران و تورکیا، بەڵام بەهۆی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە سزادراوم، هەروەها لەسەر یەکێتی و پارتی پۆستم کردووە و سزا دراوم، چونکە کارەکەم هەڵە بووە و ئەمەش ئاساییە، ئەوانیش نەدەبووایە بەهۆی سزاوە هەڵوێستیان بگۆڕن.''
ئەوکات سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو، ئەبوبەکر کاروانی، یەکێک لەو کەسانەی بڕیارى بهشدارینهكردنی لە ئهندامێتى کۆنگرە درابوو بە رووداوی گوت: "مەرج دانان بۆ بەشداریکردنی من و کاک ئەبوبەکر هەڵەدنی لە کۆنگرە بەوەی داوای لێبووردن بکەین، بەوپەڕی قەناعەتەوە رایدەگەیێنم کە داواکردنی داوای لێبووردن رەتدەکەمەوە و بەشداری لە کۆنگرەدا ناکەم."
هەر ئەمڕۆ هەینی، هۆشیار عەبدوڵڵا، گوتەبێژی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''کۆنگرەکە زیاتر لە 850 ئەندامی هەیە کە پێکهاتوون لە نوێنەری رێکخستنەکانمان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان.''
هۆشیار عەبدوڵڵا گوتیشی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رەشنووسی پەیڕەوی نێوخۆ دەخرێتە دەنگدانەوە و دوای پەسندکردنی، سێ هەڵبژاردن دەکرێت، ''هەڵبژاردنی یەکەم، ئەمینداری گشتی، هەڵبژاردنی دووەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و هەڵبژاردنی سێیەمیش بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوونی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکرێت کە دەزگایەکی سەربەخۆیە.''
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994 تاوەکو ئێستا هەشت کۆنگرەی بەستووە. ئەمڕۆش هەینی 27-12-2024، کارەکانی نۆیەمین کۆنگرەی حیزبەکە دەستیپێکرد کە بڕیارە دوو رۆژ بخایێنێت و سبەی شەممە، بە گوتاری ئەمینداری گشتیی نوێی حیزبەکە کۆتایی پێ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ