رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەیەک لە ناحیەى باینجان کە خەڵک زیاتر بە بەردەقارەمان ناوى دەهێنن خەریکە بەسەر قوتابییەکانیدا بڕوخێت. بە ناچاری، بەڕێوەبەر و مامۆستاکان بۆ تاقیکردنەوەى نیوەى ساڵ قوتابییەکانیان هێناوەتە نێو راڕەوەکان.
بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە دەڵێت؛ ترسی ئەوەمان هەیە کارەساتێک لە قوتابخانەکەماندا رووبدات. پشتیوان غازى، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى رازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم قوتابخانەیە بە کەڵكى خوێندن نەماوە، ناچار قوتابییەکانمان هێناوەتە دەرەوە، ئەگەر بڕووخێت قوتابییەکان بەجارێک هەموویان لەناو دەچن و دەبێتە کارەسات."
قوتابخانەى رازى لە سنووری قەزای بازیانە و مێژووى دروستکردنى دەگەڕێتەوە بۆ 35 ساڵ لەمەوبەر، زیاتر لە 500 قوتابى پۆلەکانى یەک تاوەکو شەشى بنەڕەتى بە دوو دەوام تێیدا دەخوێنن.
لیڤان سابیر، قوتابییە و دەڵێت "پۆلەکان هەمووى شەقى بردووەن ئێمە زۆر دەترسین، زۆربەى قوتابییەکان ناوێرن بێنە لاى دیوارەکەوە."
هەستى هیوا، قوتابییەکی دیکە و پێیوایە، ئەگەر لافاو یان بوومەلەرزەیەک بێت هەموو قوتابخانەکەیان دەڕوخێت، داواکارن حکومەت قوتابخانەیەکى دیکەیان بۆ دروستبکات.
بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى بە رووداوى گوت، لە پارەى کۆمپانیاکانى ئەو سنوورە قوتابخانەى رازى و دووانى دیکە نۆژەن دەکەنەوە.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ملیارێک و 600 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە دراوە بە پارێزگاکان، ئێمە 990 ملیۆنمان بۆ زیادکردنی ژوور هەیە، سێ ملیارمان بۆ تەواوکردنی پێنج قوتابخانە هەیە، سێ قوتابخانە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی بازیانەوە لەم پشووەدا نۆژەندەکرێنەوە و دەست دەکرێت بە کارکردن تێیاندا."
قوتابخانەی رازی ساڵی 2015 لەلایەن پەروەردەی سلێمانی نۆژەنکرایەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگا سکاڵایان لەسەر کۆمپانیاکە تۆمارکردووە و لە راپۆرتێکی لیژنەی پەروەردەدا نووسیویانە کە "کۆمپانیای جێبەجێکار لە نۆژەنکردنەوەکەدا گەندەڵییان کردووە."
