رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە چەندین گوند و ناوچەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو، بە گوتەی بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگاکە، تاوەکو ئێستا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
شەوی پێنجشەممە، 22ی تشرینی 2026، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و تەرزە ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و لە پێنج گوندی سەر بە شاری سەڵماس، رێگەی سەرەکیی نێوان سەڵماس و خۆی و گوندێکی سەر بە شاری ماکۆ لە باکووری پارێزگای ورمێ لافاو دروستبوو.
کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، نۆ تیمی فریاکەوتن و رزگارکردنیان بۆ ناوچە لافاولێدراوەکان ناردووە، کە لە 43 کەس پێکدێن و هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە دەکەن.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، لە گوندەکانی شۆرک، کانیان، سێلاو، شەکەریازی و مافی کەندی-ی سەڵماس لافاو دروست بووە و بەهۆیەوە لە گوندی کانیان دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 10 ساڵان و ئەوی دیکەیان پیاوێکی تەمەن 63 ساڵان بوون.
بە گوتەی حەمید مەحبووبی، بەهۆی لافاوەوە لەو گوندانە ئاو چووەتە نێو 17 ماڵ و بەهۆیەوە 78 کەس لە دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ شوێنی پارێزراو گوێزرانەوە.
هەر ئەمڕۆ لە رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی سەڵماس و خۆی لافاو دروست بوو، کە بەهۆیەوە رێگەکە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک داخرا.
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ گوتیشی، ئەمڕۆ لە گوندی ئێڤلەنلەری ماکۆ-ش لافاو دروست بوو، کە بەهۆیەوە ئاو چووەتە نێو حەوت ماڵ و 24 کەس لە دانیشتووانی گوندەکە بۆ شوێنێکی پارێزراو گوێزرانەوە.

.webp&w=3840&q=75)