قایمقامی هەولێر بۆ خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان: کاری خۆتان بکەن، بەڵام ئاهەنگگێڕان قەدەخەیە

27-12-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن ئاهەنگی سەری ساڵ هەولێر
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

بەهۆی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و قەدەخەی ئاهەنگگێڕان لە هۆتێل و چێشتخانەکان، ئەمشەو ژمارەیەک لە خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان گردبوونەوە و رایانگەیاند کە "بەهۆی بڕیارەکان زەرەری زۆریان کردووە"، قایمقامی هەولێریش دەڵێت: نەمانگوتووە هەموو شتێک ئاسایی بکەنەوە و ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە لە بەرژەوەندی هەموولایەکە. 
 
"نەمانگوتووە هاونیشتمانیان هەموو شتێک ئاسایی بکەنەوە"
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بەشداری هەواڵەکانی کۆڕۆژی رووداوی کرد و رایگەیاند "لە 24ی 10 وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند کە ئاهەنگگێڕان قەدەخەیە، راستە ژمارەی تووشبووان کەمببوو و ئاسانکاری بۆ گرووپە گەشتیارییەکان و خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان کرابوو، بەڵام هەموو شتێک ئاسایی نەکراوەتەوە و دەبێت ئەوان ئەوە بزانن."
 
قایمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات "هەردەم جەختمان لە خۆپارێزیی کردووەتەوە و لیژنەکانمان سەردانی شوێنەکانیان دەکرد، رێگەش نەدرا کە ئاهەنگگێڕان و پرسەدانان ئاسایی بێت، بۆیە خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکانیش نەدەبوایە ئەو خەرجییەیان کردبا کە ئێستا باسی دەکەن. لە هەموو لێدوانەکانیش باسی ئەوەمان کردووە کە مەترسییەکانی کۆرۆنا ماون." 
 
زۆرێک لە خاوەن چێشتخانە و کافتریاکانی هەولێر دەڵێن حکومەت درەنگ ئەوانیان لە بڕیارەکان ئاگادارکردووەتەوە. نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت "ئێمە پێشتریش پێمانگوتوون کە نابێت ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام بابەتەکە هەر ئاهەنگ نییە، مەبەست ئەوەیە کە خەڵک گردبوونەوە نەکەن و قەرەباڵخی دروست نەکەن، ئێمەش مەبەستمان ئەو مەترسییە. لەسەر شەقامەکانیش کە خەڵک گردبوونەوە دەکەن ئەوەش هەر مەترسییە."
 
سەبارەت بەوەی کە لە هەندێک شوێن پرسە هەیە، بەڵام بۆچی بۆ سەری ساڵ ئەو بڕیارانە دراون؟ قایمقامی هەولێر گوتی " ئاسانکاریمان کردووە، بەڵام ئەو بارودۆخەی بەهۆی کۆرۆنا دروستبووە ئێستا ئاسایی نییە. راستە خەڵکانێک هەیە کرێکارە و پارەی لەو شوێنانە دەستدەکەوێت، بەڵام خۆپارێزی هاونیشتمانییان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانە و تاوەکو ئێستاش مەترسی کۆرۆنا لەسەر خەڵک هەیە."
 
"هەموو چێشتخانەکان دەتوانن کاری خۆیان بکەن، بەڵام ئاهەنگگێڕان قەدەخەیە"
 
سەبارەت بەوەی کە 21 رۆژ بۆ خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان دانراوە کە نابێت لە شوێنەکانیان ئاهەنگبگێڕن و قەرەباڵخی دروستبکەن، نەبەز عەبدولحەمید گوتی " گرفتمان لە ئاهەنگگێڕان نییە، نیگەرانین لە گردبوونەوەی خەڵک. لیژنەی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای کۆرۆنای باو، کۆرۆنای گۆڕاویش هەیە و بڵاوبوونەوەی خێراترە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، قایمقامی هەولێر گوتی "هەموو رێستۆرانتەکان دەتوانن کاری خۆیان بکەن، بەڵام دەبێت رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و مەودای نێوان کورسییەکانیان دووربخەنەوە، هەتا ئەوە بۆ فەرمانگەکانیشە و دەبێت پابەندبن پێیەوە."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەخەکردنی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەری ساڵی لە هۆتێل رێستۆرانت و مۆتێل و یانەی شەوان و شوێنەکانی دیکە دا کە ئاهەنگیان تێدا دەکرێت. هەر ئەمشەو بەشێک لە خاوەن هۆتێل، رێستۆرانتەکان و کافتریاکانی هەولێر گلەییان لە بڕیارەکانی حکومەت کرد و داوایانکرد کە رێگەیان پێبدرێت دوای سەری ساڵ شوێنەکانیان بکرێنە و ئاهەنگگێڕانیان تێدا قەدەخەنەکرێت، چونکە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەخەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان رێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرە کۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی دیکەی هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگگێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
 
رۆژی 24-12-2020، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاهەنگەکانی سەری ساڵی قەدەخەکرد، زیانی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 2020 دا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند بوو کە "قەدەخەی گەشتکردنی هاووڵاتیان بۆ وڵاتانی دەرەوە بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاو و راگرتنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ زیانی کەرتی گەشتوگوزار زیاتر دەکات."

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە