رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە رێگەی کەرکووک - هەولێر روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 13ی تشرینی دووەمی 2026، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: "لە نزیک گوندەکانی (گورزێ) و (گەڵۆزی) لە رێگەی هەولێر-کەرکووک، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا و لە ئەنجامدان شەش کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون."
هەردی محەممەد لە شوێنی رووداوەکەوە ئاماژەی بەوەکرد: "یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری (تۆیۆتا یارس) بووە و پێنج کەسی تێدابووە و هەر پێنجیان گیانیان لە دەستداوە. کەسێکی دیکەش کە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری (دێر) بووە گیانی لەدەستداوە."
سەبارەت بە بریندارەکان، هەردی محەممەد گوتی: "چوار کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان جێگیر نییە، رەوانەی نەخۆشخانەی پردێ کراون."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتوون، "دوو منداڵ، دوو ژن و دوو پیاو لە رووداوکە گیانیان لەدەستداوە."
هاوکات سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، لە رووداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.


.jpeg&w=3840&q=75)