بەشێک لە خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکانی هەولێر گلەیی لە بڕیارەکانی حکومەت دەکەن

27-12-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن ئاهەنگی سەری ساڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەخەکردنی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەری ساڵی لە هۆتێل رێستۆرانت و مۆتێل و یانەی شەوان و شوێنەکانی دیکە دا کە ئاهەنگیان تێدا دەکرێت. ئەمشەویش بەشێک لە خاوەن هۆتێل، رێستۆرانتەکان و کافتریاکانی هەولێر گلەییان لە بڕیارەکانی حکومەت کرد و داوایانکرد کە رێگەیان پێبدرێت دوای سەری ساڵ شوێنەکانیان بکرێنە و ئاهەنگگێڕانیان تێدا قەدەخەنەکرێت "چونکە زیانێکی زۆرمان پێدەگەیێنێت."
 
کاژێر 08:50 خولەکی ئەمشەو یەکشەممە 27-12-2020، بەشێک لە خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان لە هەولێر گردبوونەوەیەکیان دژی بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کرد، کە رایانگەیاندبوو بۆ سەری ساڵ هەموو جۆرە ئاهەنگگێڕان و گردبوونەوەیەک قەدەخە دەکرێت.
 
ریاز گۆران، خاوەن چێشتخانە لە هەولێر یەکێک بوو لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " بڕیارەکە دەڵێ سەری ساڵ ئاهەنگگێڕان قەدەخەیە، باشە ئێمە ئەو شەوە هیچ ئاهەنگێک ناکەین، چونکە دەزانین قەرەباڵخی دەبێت، بەڵام ئێمە ناتوانین تاوەکو 21 رۆژ هیچ جۆرە ئاهەنگێک نەکەین، ئێمە کرێکارمان زۆرە و دەبێت پارەی زەریبە و کارەبا بدەین."
 
"بە بەهای 30 ملیۆن دینار کەلوپەل و خۆراکمان هێناوە و هەمووی خراپ دەبێت"
 
ئەو خاوەن چێشتخانەیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "بە بەهای 25 بۆ 30 ملیۆن دینار کەلوپەل و خۆراکمان هێناوە و هەمووی خراپ دەبێت، ئەو بڕیارانەی حکومەتیش زۆر خێرابوون و پێشتر ئێمەیان ئاگادارنەکردبوویەوە."
 
ئەو خاوەن چێشتخانەیە ئاماژە بەوەش دەدات، "ئێمە لەگەڵ هونەرمەند و گرووپی گەشتیاریی گرێبەستمان کردبوو بۆ سەری ساڵ و رۆژانی دوایی، بەڵام ئەو بڕیارانە وایانکرد کە هەموویان بڕۆنەوە." دەشڵێت " لە رۆژی 24-12ـەوە شوێنەکانیان بە ئێمە داخستووە و ئەوەش وایکردووە کە زەرەر مەندبین و ناتوانین تاوەکو 21 رۆژ شوێنەکانمان بکەینەوە."
 
خاوەن هۆتێلێک: 90 ژوورم هەیە، ئێستا بەتاڵە
 
ئازاد عەبدی، خاوەن هوتێل لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، |هۆتێلەکەم 90 ژووری تێدایە و دوای ئەو بڕیارانە یەک کەسی تێدانەماوە. ساڵانەش ئێمە تەنیا لە نەورۆز، سەری ساڵ و جەژنەکان پارەی باشمان دەستدەکەوێت. راستە کار لە هەموو شوێنێک کەمبووە، بەڵام ئێستا ئێمە هەر یەکەمان 50 ملیۆنمان زەرەر کردووە."
 
ئەو خاوەن هۆتێلە ئاماژە بەوە دەدات، کە هەر یەکێک لە ئەوان مانگی رابردوو "20 بۆ 30 ملیۆن دینار پارەی کارەبا و باجمان داوە."
 
حسێن كوردی، خاوەن چێشتخانە و هۆتێلە لە هەولێر و دەڵێت، "دوای کردنەوەی چێشتخانە و هۆتێلەکان بازاڕمان زۆر بوو و گەشتیارانیش دەهاتن و بواری گەشتیاری لە هەولێر بووژابوویەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی کوردستان بوو. ئێمەش لە هەولێر چاومان لەو رۆژانەیە کە پشووە و سەری ساڵە و جەژن هەیە، بەڵام ئەو بڕیارانە زیان زۆر بە ئێمە دەگەیێنێت." 
 
ئەو خاوەن چێشتخانە و هۆتێلە دەشڵێت "من چێشتخانە و هۆتێلم هەیە، چێشتخانەکەم 50 کرێکاری هەیە و هەریەکەیان چوار بۆ پێنج کەس دەژیێنن، بەڵام ئێستا هیچ رەوا نییە کە ئەوان بنێرمەوە بۆ ماڵەوە و بێکاربن."
 
خاوەن چێشتخانە و هۆتێلەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەوان رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی هەمووی جێبەجێ دەکەن و مێزەکانیان دووری یەکدییە، خاوەن چێشتخانەیەک گوتی "بەڵام 21 رۆژ زۆر کاریگەریی دەبێت، ئێستا من 86 کرێکارم هەیە هەموویان بێ کاردەبن. خواردن و کرێی مانەوەشیان لەسەر ئێمەیە."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەخەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان رێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرە کۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی دیکەی هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگگێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
 
 رۆژی 24-12-2020، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاهەنگەکانی سەری ساڵی قەدەخەکرد، زیانی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 2020 دا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند بوو کە "قەدەخەی گەشتکردنی هاووڵاتیان بۆ وڵاتانی دەرەوە بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاو و راگرتنی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ زیانی کەرتی گەشتوگوزار زیاتر دەکات."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە