خێزانێکی ئاوارەی کەرکووک لە ژیانێکی سەختدا دەژین

27-11-2017
نالین بەرواری
زیاتر لە 30 خێزانی ئاوارەی کەرکووک لە هەولێرن و لە دەرەوە دەژین
زیاتر لە 30 خێزانی ئاوارەی کەرکووک لە هەولێرن و لە دەرەوە دەژین
نیشانەکردن کەرکووک هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

خێزانێکی ئاوارەی کەرکووک لە هەولێر لە ژیانێکی سەختدا دەژین و داوای هاوکاری دەکەن، ئەوان دەڵێن "نە ئاومان هەیە و نە کارەبا، خانوومان نییە و لە ژیانێکی ناخۆشدا کاتەکانمان بەڕێدەکەین".


گریانی منداڵێکی دوو ساڵ بە ناوی محەممەد ئەوە دەردەخات ئەوان لە ژیانێکی سەختدا دەژین، زیاتر لە 40 شەوە لەنێو عەرەبانەیەکدا دەخەوێت، هیچ شەوێک نییە دایکی دەنگی هاوار و گریانی منداڵەکەی لە تاو برسییەتی و سەرما نەبیستێت.

هەڤین رەشید، ئاوارەی کەرکووک دەڵێت "هیچ سۆپایەکامان نییە خۆمانی پێ گەرم بکەینەوە، نازانم لەکوێی بێنم، یەک مەمکم پێیە بۆ منداڵەکەم، بەڵام نازانم لەکوێ شیر بەدەست بخەم، ناچارم قەنداخی بۆ بگرمەوە و پێی بدەم".

ئەوان هەموو کارێک دەکەن تاوەکو ژیانی خۆیان لە سەرمای زستاندا درێژە پێبدەن، بەڵام نەبوونی ئاو خەومێکی گەورەی ئەوانە و هەندێک لەوان ماوەی مانگێک دەبێت خۆیان نەشۆردووە.

سەبیحە ئیسماعیل، ئاوارەی کەرکووک گوتی "ئاو ساردە، نە دەتوانین دەستنوێژ هەڵگرین نە خۆشمان پێدەشۆردرێت، کارەبا نییە و ئەوە ژیان نییە ئێمە تێیدا دەژین، داوا دەکەم خەڵک یارمەتیمان بدات و بە هانامانەوە بێت، بەو ئاوە ساردە ناتوانین هیچ بکەین و دەست و پێمان هەمووی رەش بووە لە پیسیدا".

زیاتر لە 30 خێزانی ئاوارەی کەرکووک لە هەولێرن و لە دەرەوە دەژین، خانووی تەواو نەکراو لە نزیکیان هەن، بەڵام نە دەرگا، نە پەنجەرە و نە ئاویان تێدا نییە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە