رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایدەگەیێنێت، لە وەڵامی هێرشەکانی
سوپای ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان"،
هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرانە ئامانجی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی
ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، هاتووە:
سوپای ئەمریکا دەبێت ئەوە بزانێت لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک
بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشی زۆر قورستر و فراوانتر دژی ئەو ئامانجانەی
لە ناوچەکەدا دیاری کراون، دەکرێت.
سوپای پاسداران: کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکامان لە بەحرێن کردە ئامانج
هاوکات سوپای پاسداران لە
راگەیێندراوێکی فەرمیدا دەڵێ: لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتیگەلی
پێنجەمی سوپای ئەمریکایان لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پاساوی
"کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان" چەند شوێنێکی لە جاسک، سیریک و قیشم
بۆردوومان کردووە، کە بەهۆیەوە زیان بە تاوەرێکی پەیوەندییەکان کەوتووە و دوو کۆگەی
ئاو لە کەرتی (بەمانی) وێران بوون.
سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، وەک وەڵامێکی خێرا بۆ ئەم "خراپەکارییە"،
کاژێر 2:30ی بەرەبەیان لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمی
ئەمریکا لە بەحرێن.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێ: پێکدادانەکان بەردەوامن و هێزەکانی
پاسداران بەرگریی دەکەن.



.jpg&w=3840&q=75)