رووداو دیجیتاڵ
کەسێکی خەڵکی بەغدا و نیشتەجێی سلێمانی بەناوی نۆژەنکردنەوەی خانوو، تۆمەتبارە بە بردنی نیو ملیۆن دۆلار، ئێستا لەسەر تۆمەتێکی دیکە لە کەرکووک دەستگیرکراوە. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "داوامان لە پۆلیسی کەرکووک کردووە ئازادی نەکەن و رادەستمان بکەن".
تۆمەتبار ناوی (ع.ج.ن) و لەگەڵ دوو لە کوڕەکانی نووسینگەیەکیان بە ناوی دریم هاوس لە میلی مۆڵی سلێمانی داناوە و تەنیا پارەیان وەرنەگرتووە، بەڵکو کەرستەی بیناسازیشیان وەک قەرز بردووە و پارەکەیان نەداوە.
بەشێکی سکاڵاکاران خانووی کۆنیان هەبووە و بە قیستی درێژخایەن و بەپێی گرێبەستێک داوایان لە تۆمەتبار کردووە خانووی تازەیان بۆ دروستبکات.
هەژار عومەر، یەکێک لەو سکاڵاکارانەیە کە خانووەکەی لەلایەن نووسینگەکەوە رووخێنراوە و خۆیشی چووەتە نێو خانووی کرێ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بڕی یەک دەفتەر دۆلارم پێشەکی پێیدا. دوای رووخاندنی خانووەکەم، ئەو کەسە دیارنەما، نووسینگەکەی داخست و خۆی و دوو کوڕەکەیشی هەموو ئەکاونتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخست."
مەریوان ئەحمەد، سێ جار و سێ بڕی جیاوازی پارەی بە تۆمەتبار داوە، لە بەرپرسیار گوتی: "لە دوو مامەڵەی پێشوو هیچ عەیبی نەبوو، لە سێیەم، خانوویێکی کۆنی تەختی زەوی کرد و خانووی نوێی دروستنەکرد. گوتی پارەی کەمت پێمداوە. 110 وەرەقەم پێیدا و دوای دوو رۆژ مۆبایلەکەی داخست، بە بەڵگەوە قسە دەکەین و پسوولەی نووسینگەکەمان لایە. دوای ئەوەی مۆبایلەکەی داخست، چووینە بەردەم نووسینگەکەی و بینیمان خەڵکێکی زۆر لەوێیە. کۆی ئەو پارەیەی لایەتی 50 دەفتەر دۆلار دەبێت."
رووداو چەند جارێک پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلەکانی (ع.ج.ن) و دوو لە کوڕەکانی کرد، بەڵام هیچیان بەردەست نەبوون.
دادگەی سلێمانی لە 23-10-2024 بە نووسراوی فەرمی داوای لە پۆلیسی کەرکووک کردووە، تۆمەتبار رادەستی دادگەکەیان بکەن بۆ ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر لەسەر سکاڵای بردنی پارەی هاونیشتمانییان.
بە گوتەی پارێزەری بەشێک لە سکاڵاکاران، نووسینگە ناتوانێت کاری بەڵێندەرایەتی بکات. کەمال سازانی لە بەرپرسیار گوتی: "بابەتەکە شارستانییە نەوەک سزایی، چونکە ئەو کەسانە بە رەزامەندیی خۆیان پارەیان پێداون. تۆمەتبار هەڵنەهاتووە و دەڵێت، 'دەگەڕێمەوە و کارەکان تەواو دەکەم'. ئەو کەسە پێشتر کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بووە و هەڵهاتووە و چەکی حکومەتی فرۆشتووە و لەسەر ئەوە گیراوە."
کەمال سازانی باسی لەوە کرد: "تۆمەتبار بە شایەتحاڵان دەڵێت، 'هەڵنەهاتووم، بەکارێک رۆیشتووم، پارەشم لانییە بیاندەمەوە'. ئەو گوتانەی بە چەند کەسێک گوتووە کە سەردانیان کردووە. سکاڵا لە دادگەی سلێمانی و کەرکووک و سکاڵا لای پۆلیسیش تۆمارکراوە، بابەتەکە لە قۆناخی دادبینی دایە، دوای وەرگرتنی گوتەی لە دادگە دەردەکەوێت هەڵهاتووە یان نا."
کەمترین پارەی وەرگیراو لەلایەن کۆمپانیای دریم هاوس کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (ع،ج،ن)، دوو ملیۆن و 580 هەزار دینارە. زۆرترین پارەی وەرگیراویش 165 ملیۆن دینارە، بەگوتەی ئەوانەی سکاڵایان کردووە لە دادگە، نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری خەڵک کە بەمەستی نۆژەنکردنەوە دراوە بە کۆمپانیا ئێستا چارەنووسی نادیارە کە موڵکی زیاتر لە 50 کەسە.
رووداو پەیوەندی کرد بە گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی. سەرکەوت ئەحمەد لەسەر ئەو بابەتە گوتی: "ئێمە پۆلیسی کەرکووکمان ئاگادارکردووەتەوە لەسەر ئەو بابەتە و پێمان راگەیاندوون کە ئەو کەسە تۆمەتبارە و ئازادی نەکەن. دادگەی سلێمانی فەرمانی گرتنی بۆ کەرکووک ناردووە و بڕیارە رادەستی دادگەی سلێمانی بکرێت."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە تۆمەتبار لای ئەوان و لەسەر بابەتی دەوامی پێشووی دەستگیرکراوە نەوەک بردنی پارە.
موقەدەم عامر شوانی بە رووداوی گوت: "ئەم تاوانبارە لە کەرکووک پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاکان بووە، بەبێ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە یان خانەنشین بێت هەڵاتووە، لەسەر ئەمە لای ئێمە دەستگیرکرا بوو. ئەو کەسە بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە 20-2-2024 سزای 7 ساڵ زیندانی درا، لەسەر دوو تاوان یەکەمیان دوو ساڵ بەهۆی نەگەڕاندنەوەی ناسنامەی پۆلیسی، 5 ساڵ بەهۆی راکردن لە کاتێکدا پۆلیس بووە. ئەو کەسە لە 16ی تشرینی یەکەمی 2024، لای ئێمە دەستگیرکراوە. لەسەر بابەتی بردنی پارەکە دەبێت لە دادگەی سلێمانی داوا بکرێت بۆ گەڕانەوەی و کردنەوەی ئەم دۆسیەیە، تاوەکو رەوانەی سلێمانی بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ