لەگەڵ رەنج؛ مەترسییەکانی سەرژمێری لە ناوچە کێشەلەسەرەکان

27-10-2024
ئاسۆ سەراوی
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

كەمتر لە مانگێكی ماوە بۆ سەرژمێری لە عێراق، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی ‏هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی عێراق هێشتا دیار نییە ئەو سەرژمێریە ‏دەكرێت یان نا، كورد ترسی هەیە لەوەی سەرژمێریەكە بۆ مەبەستی سیاسی، بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بەكاربێت.
 
حكومەتی عێراقیش دڵنیایی ‏ئەوە دەدات كە سەرژمێریەكە بۆ گەشەپێدانە ‌و هیچ مەبەستێكی دیكەی ‏نییە، هەرچەندە قۆناخی یەكەمی كارەكانی سەرژمێری لە عێراق 97٪ تەواو ‏بووە بەڵام بەهۆی ئەو قەلەقییەی بەرپرسانی لایەنی پەیوەندار لە هەرێمی ‏كوردستان تەنیا 70٪ كارەكانی قۆناخی یەكەم كراوە، هەرچەندە لە ‏پڕۆسەی گەمارۆسازیدا نوێنەری نەتەوە جیاوازەكان بۆ سەرژمێری ئامادە ‏نابن، بەڵام لە رۆژی سەرژمێریی گشتیدا نوێنەری هەرسێ‌ نەتەوەكە ‏‏(عەرەب، توركمان ، كورد) ئامادە دەبن، بەرپرسانی كورد مەترسییەكەیان ‏لە سەرژمێری لەوە سەرچاوە دەگرێت كە هێشتا بەرپرسانی عێراق ئامادەنین ‏داواكارییەكانی كورد جێبەجێ‌ بكەن كە یەكێكیان دانانی داتاسەنتەرە لە ‏هەرێمی كوردستان بەهاوشێوەی عێراق.
 
بەرپرسی یەكەمی ئامار لە هەرێمی ‏كوردستان لە بەشێكی ئەم بەرنامەیەدا دەڵێت: "لە 11-12-2023 ‏وەزیری پلاندانی عێراق بەئێمەی گوت لەسەر هەموو شتێكی داواكارییەكانتان ‏رازین، بەڵام هێشتا هیچ نەكراوە، بەڕاستی ئێمە مەترسیمان هەیە بۆیە ‏گەرموگوڕیمان وەكو پێویست نییە". ئەو بەرپرسە كوردەكە ئەوەشی ‏خستەڕوو تەنیا كورد نییە ترسی لە سەرژمێری هەیە، بەڵكو توركمان ‏‌و بەشێكی سونەش گرفتیان هەیە."
 
پەرلەمانتارێكی كوردی خانەقینش هەمان ترسی هەیە: "ئەگەر بەم جۆرە ‏بێت سەرژمێریش تەعریبێكی دیكەیە". پارێزەرێكی مەخمووریش كە میوانە ‏لەبەرنامەكەدا دەڵێت: "ئەو عەقڵیەتیەی لە عێراق سەرژمێری دەكات شۆفێنی ‏‌و مەترسیدارە". مامۆستایەكی زانكۆی خەڵكی ناوچەكوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش بۆچوونی وایە "سەرژمێرییەكە ‏مۆرلێدانە لە عارەبێتی ناوچە كێشەلەسەرەكان".‏
 
دیمەنی خاكی نەگەڕاوە ‏
 
لەگەڵ دەستپێكی بەرنامەكە، ئەو شاشەیەی میوانەكان بەرامبەری دانیشتوون ‏دەچێتەسەر ئاسمانی بەشێكی ناوچە كێشەلەسەرەكان، كەركووك دواتر ‏خورماتوو ئینجا مەخموور ‌و دواتریش بەهارێكی جوانی خانەقین لەبەرزییەوە ‏پیشاندەدرێت، لێوە ئەوە بەدەردەكەوێت، كە كورد چەندێك خاكی لەژێر ‏مەترسیی تەعریبدایە دوای ئەوە لە پارچە ڤیدیۆیەكدا میوانەكان بۆچوونی ‏خەڵكی ناوچە كێشەلەسەرەكان دەبن لەسەر سەرژمێری ‌و هەمووان جەخت ‏لەوە دەكەنەوە كە پێویستە كورد لەو ناوچانە خۆی بۆ سەرژمێری گشتی ‏تۆمار بكات. دواتر میوانەكان سەرنجیان دەچێتەسەر راپۆرتێكی دیكە كە ‏باس لە وڵاتی مۆنتینیگرۆ دەكات كە لە دوای 13ساڵ سەرژمێریان ‏ئەنجامداوە. 
ئەو وڵاتە (مۆنتینیگرۆ) لانیكەم شەش نەتەوە و پێكهاتەی لێ دەژی. بەپێی ‏راپۆرتەكە بێت دانیشتووانی مۆنتینیگرۆ 623 هەزار و 633 كەسە و 44 ‏هەزار كەسیش لە دەرەوەی وڵاتەكە دەژین، وەك لە راپۆرتەكەدا ‏بەدەردەكەوێت بەراورد بە سەرژمێریی ساڵی 2011، ژمارەی ‏مۆنتینیگرۆییەكان كەمیكردووە.‏
 
دوای ئەو راپۆرتە، لەسەر سەرژمێریی ئەمریكاش، میوانەكان راپۆرتێكی دیكە ‏دەبینن، وەك لە راپۆرتەكەدا هاتبوو ئەمریكا لە 2030 دا سەرژمێری دەكات ‏لەو وڵاتە كە دانیشتووانەكەی نزیكەی 350 ملیۆن كەس بۆ سەرژمێری 40 ‏پرسیار دەكرێت، بەڵام لە عێراق بۆ 40 ملیۆن كەس 70 پرسیاری ‏جۆراوجۆر دەكرێت. 
 
37 ساڵە بێ‌ ئاماری سەرژمێرین
 
سیروان محەممەد، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی ‏كوردستان ‌و كەسی ‏یەكەمی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان دەستپێكی قسەكانی بە گرنگی ‏سەرژمێری دەستپێكرد: "چەند باسی سەرژمێری بكەم رەنگە هەقی خۆی ‏نەدەمێ‌، دوایین سەرژمێری لە عێراقدا كە كراوە لە 1997دا بوو ئەوە كوردی ‏تێدا نەبووە. پێش ئەوە لە 1987 كە كراوە كورد بەشدار بووە واتە ‏37 ساڵە ئەو ئامارنەی لە سەرژمێرییەوە دێن دەستمان نەكەوتووە".‏
 
سیروان محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە سەرژمێریدا لەبارەی هەموو ‏بوارەكانی ژیان زانیاری وەردەگیرێ‌ بۆ ئەوەی ورد ‌و دەقیقیش بێت لە رۆژانی ‏‏20 ‌و 21ی مانگی 11 قەدەخەی هاتووچۆ دەكرێت، لە پرۆسەی ‏گەمارۆسازی كە قۆناخی پێش سەرژمێری گشتییە لە عێراق 97٪ كارەكانی ‏تەواو كراوە، بەڵام لە كوردستان 70٪ی كراوە. سیروان محەممەد ئەوەش ‏رووندەكاتەوە كە بۆ پڕۆسەی گەمارۆسازی لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوتوون كە ‏نوێنەری هەر سێ‌ نەتەوەكە هەبێت، بەڵام  لەسەرژمێریدا ئەبێت نوێنەری ‏هەرسێ‌ نەتەوەكە (كورد، عەرەب، توركمان) هەبێت لە گەمارۆسازیدا ‏‏45 پرسیار دەكرێت، دووانی لەسەر خێزانە وردەكارییەكەی دیكەی لە ‏سەرژمێریەكەدا وەردەگیرێ‌ سیروان محەممەد گوتیشی: "لە پڕۆسەی ‏سەرژمێری گشتی 77 پرسیار لەبارەی خێزانەوە دەكرێت، دەبێت ئەوەش ‏روون بێت هەر كەم‌وكوڕییەك لە گەمارۆسازیدا روویدا ئەبێت لەسەرژمێری ‏گشتی دا پڕ بكرێتەوە بەنموونە ئەگەر خێزانێك لە گەمارۆسازیدا لەناوچەكەی ‏تۆمار نەكرابێت، لە رۆژی سەرژمێری گشتیدا تۆمار دەكرێت".‏
 
 
‏"پێشتر عێراق دەیگوت بە هەمووشتێك رازیم"

سیروان محەممەد ئەوە ناشارێتەوە كە لەساڵی 2019دا بەرپرسانی عێراق ‏پێی گوتوون بە هەمووشتێكی ئەوان رازین، بەمەرجێك لەگەڵ سەرژمێریدا بن. ‏دووبارە لە 11-12-2023 وەزیری پلاندانی عێراق دڵنیایی كردوونەتەوە ‏كە لەسەر داواكارییەكانی كورد بۆ سەرژمێری رازین ئەو گوتی: "ئێمە دوو ‏داواكاری سەرەكیمان هەبوو گرنگترینیان دانانی داتا سەنتەرێكە لە هەرێمی ‏كوردستان تاوەكو ئێستا ئەوە نەكراوە".‏
 
سیروان محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە كە لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستانەوە بۆ خوارەوە زۆر بە هەستیار مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكەن ‌و ‏گوتیشی: "ئەگەر ئەم سەرژمێریە بە سیاسی كرا، داوا دەكەین سەرژمێریی ‏‏1957 بكرێتە بنەما، ئەوەش بەمەرج دادەنێین ئەوەی لە 1957 لە ‏ناوچە كوردستانییەكان نەبووە، لە لیستێکی تایبەتدا تۆماریان بكەین".‏
 
لەسەر رازیبوونی سەرجەم لایەن ‌و پێكهاتەكانی عێراق، بڕگەی نەتەوە ‌و ‏ناسناو لە سەرژمێریەكەدا لابراوە، بەڵام بڕگەی ئایین وەك خۆی دانراوە. 
 
سیروان محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوان هەرگیز نەیانگوتووە ‏سەرژمێری ناكەن، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو كارەكانیان دەكەن ‌و دەشڵێت: ‏‏"لە 10-06 ‌و 29-09 دوو نووسراومان بۆ داواكارییەكانمان كردووە، هیچی ‏جێبەجێ نەبووە. دوووبارە لە 10-10شدا دوانوسراومان بۆ جێبەجێ‌ ‏كردنی داواكارییەكانمان كرد تاوەكو ئێستا هیچ دیار نییە".‏
 
سیروان محەممەد ئەوە ناشارێتەوە كە لە عێراق سێ‌ بابەت جێگای باسە. ‏یەكێكیان سەرژمێرییە، ئەو دەشڵێت: "ئەگەر عێراق سەرژمێرییەكە بۆ ‏مەبەستی سیاسی بەكاربهێنێ‌ ئەوا نەتەوە یەكگرتووەكان پووچەڵی دەكاتەوە. ‏بەڕاستی ئێمە مەترسیمان هەیە، بۆیە تاوەكو ئێستاش گەرموگوڕیمان وەكو ‏پێویست نییە".‏
 
 
ئەگەر عێراق نەهاتە پێشەوە، چارەسەر چییە؟
 
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ئەوەشی خستەڕوو ‏ئەگەر عێراق هەر نەهاتە پێشەوە بۆ داواكارییەكانیان ئەوا كۆمەڵێك پێشنیاز ‏هەیە لەوانە دواخستنیەتی یاخود لە عێراق بكرێت ‌و لە هەرێمی كوردستان ‏نەكرێت سیروان محەممەد دەشڵێت: "هەرگیز ناچینە ژێر باری هیچ ‏فشارێكی عێراق ئەگەر بەهۆی سەرژمێرییەوە مەترسی لەسەر خاكەكەمان ‏دروست بێت، هەروەك لە 2010، سەرژمێری بۆیە نەكرا دەیانویست كورد ‏بەش بەش بكەن، هەر بۆیە ئەو كاتەش بایكۆتمان كرد".‏
 
‏"476 ملیار دیناری بۆ عێراق ‌و بۆ كوردستانیش 12 ملیار"‏
 
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان باس لەوەش دەكات، بۆ ‏بودجەی سەرژمێری عێراق 476 ملیار دیناری بۆ خۆی داناوە، بەڵام 12 ‏ملیار ‌و670 ملیۆنی بۆ هەرێمی كوردستان داناوە ‌و ئەو گوتیشی: "عێراق ‏‏70٪ـی پارەی سەرژمێری بۆ كۆمپانیاكانی سەرپەرشتی سەرژمێرییەكە خەرج ‏كردوە." سیروان محەممەد ئەوەش ناشارێتەوە كە كاتی خۆی بەوەزیری ‏پلاندانانی عێراقی گوتووە بە ماوەی حەوت بۆ هەشت مانگ ئامادەكاری ‏سەرژمێری ناكرێت، بەڵام وەزیری پلاندانان جەختی لەوە كردووەتەوە كە ‏دەبێت سەرژمێری لە 20-11-2024دا بكرێت. ئەو گوتیشی "كاتێك ‏باسی كێشەی سەرژمێریمان كرد بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان ‏سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی گوتی ئێمە شەڕی خاك ‏دەكەین".‏
 
سیروان محەممەد ئەوەش رووندەكاتەوە ئەگەر سەرژمێری لە داهاتوودا بۆ ‏مەبەستی سیاسی بەكاربێت ئەوا داوا دەكەن سەرژمێری 1957 بكرێتە ‏بنەما. گوتیشی: "ئەوەی لە 1957 لە ناوچە كوردستانییەكان نەبووبێت سجلی بۆ ‏جیادەكەینەوە، هەرچەندە دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە سەرژمێریەكە بۆ ‏گەشەپێدان ‌و پەرەپێدان بێت، بەڵام ئێمە ئامادەكاری خۆمان هەر دەكەین".‏
 
سیروان محەممەد ئەوەشی روونكردەوەكە لە 01-10 كۆبوونەوەیەك لە ‏پەرلەمانی عێراق ئەوەیان بۆ دەركەوتووە كە توركمان ‌و بەشێكی سوننەش ‏گرفتیان هەیە لەگەڵ سەرژمێریدا هەیە ‌و دەشڵێت: "لە رێگای بەرپرسانی ‏پەرلەمانەوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كێشەكانی سەرژمێری تێگەیشتووە ‏هەمووشی بۆ چووە".‏
 
لە 2040 ژمارەی دانیشتووانی كوردستان دەگاتە چەند؟
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكانیان لە رۆژانی سەرژمێری، سیروان ‏محەممەد لەگەڵ ئەوە نییە چونكە وەك دەڵێت: "گەڕانەوەی خەڵك بۆ ‏ناوچەكانیان ئاسان نییە، باشتر لە شوێنی خۆیان ناونووس بكرێن. دواتر ‏بخرێنە سەر ناوچەكانیان". 
بەرپرسەكەی ئامار لە هەرێمی كوردستان ‏ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر عێراق وەها تێگەیشتووە بەرپرسانی كوردستان ‏لەپرسی سەرژمێریدا بە هەموو مەرجەكانی عێراق رازین، ئەوا عێراق لەوەدا ‏بەهەڵەداچوون: "ئەگەر هەموو مەرجەكانمان جێبەجێ‌ نەبێت ‌و ‏مەترسی لەسەر خاكمان هەبێت ئەوا هەرگیز ناچینە ژێری باری ئەو ‏سەرژمێرییە".‏
 
سیروان محەممەد ئەوەش رووندەكاتەوە بۆ داواكارییەكانیان چیدیكە ‏چاوەڕێی عێراق ناكەن، بەڵكو لە نزیكترین كاتدا سەردانی بەغدا دەكەن ‏‏"لەكاتێكی زۆر نزیكدا بۆ یەكلایی بوونەوەی پڕۆسەی سەرژمێری دەچینە ‏بەغدا".‏
 
لەبارەی پێشبنیشیان بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە ‏‏16ساڵی داهاتوودا سیروان محەممەد گوتی: "تاوەكو 2040 پێشبینی ‏دەكەین ژمارەی دانیشتوانی كوردستان بەبێ‌ ئاوارەكان بگاتە 8 ملیۆن ‌و ‏‏800 هەزار كەس".‏
 
 
"كاتی بانگەشەی كوردایەتییە"

سۆزان مەنسور، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی جەخت لەوە ‏دەكاتەوە كە دەبێت بە گوڕ‌وتینی كوردایەتی لە پرسی سەژمێری بڕوانن: "هەڵبژاردن ‌و بانگەشەكەی تەواو بووە دەبێت ئێستا بانگەشەی ‏كوردایەتی هەبێت دەبێت كار لەسەر سەرژمێری بكەین لە زیانمان تەواو ‏نەبێت". ئەو ئافرەتە خانەقینیە ترسی لەوە هەیە، حكومەتی عێراق بۆ ‏ئایندە سەرژمێرییەكە بكەنە بەدیلی جێبەجێ‌ كردنی مادەی 140، بۆیە ‏گوتی  "ئەترسم دوای سەرژمێریەكە پێمان بڵێن ئیتر ماددەی 140تان ‏بۆچییە؟"‏
 
ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە پەرلەمانی عێراق گرنگی ‏زۆر بە سەرژمێری نەدراوە ‌و هێشتا نەبووەتە پرسێك كە گرنگی زۆری ‏پێبدرێت.
 
سۆزان مەنسور جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ‏سەرژمێریدا نییە، پاڵپشت بەوەی ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی نەبوونی داتاوە ‏لە ئایندە كێشەی زۆر گەورە بۆ عێراق دروست بێت. ئەو گوتیشی: "ئەوەی ‏ئێستا دەبینین كە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجی ناكەن ‌و ‏وەبەرهێنانی سیاسی لە سەرژمێریەكەدا دەكەنە، ئەگەر بەم جۆرە بێت ‏سەرژمێریش تەعریبێكی دیكەیە بۆیە ئەبێت هەموو پەرلەمانتارە كوردەكان ‏بۆ پرسی سەرژمێری سەردانی سەرۆكوەزیران ‌و وەزیری پلاندانانی عێراق ‏بكەین تاوەكو دڵنیایی وەربگرین، ئەگەر داواكارییە سەرەكییەكانی كوردیان ‏جێبەجێ‌ نەكرد ئەوا بایكۆتی بكین باشترە".‏
 
 
"حەوت هەزار كورد خانەقینیان بەجێهێشتووە ‌و هەشت هەزار ‏عەرەب هاتوون"

گلەیی بەشێك لە دانیشتوانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ‏هەرێمی كوردستان زۆرجار ئەوە بووە كە لە نێوان هەرێمی كوردستان ‌و عێراق ‏بوونەتە قوربانی. هیچ لایەكیان وەكو پێویست خزمەتیان ناكەن، سۆزان ‏مەنسوریش هەمان گلەیی لە بەرنامەكەدا كرد: "وەكو خەڵكی خانەقین ‏تیاچووین نە سەر بە هەرێمی كوردستانین نە بەغداش وەكو پێویست ‏خزمەتمان دەكات. دەزانن لە 2014وە حەوت هەزار كورد خانەقینی ‏جێهێشتووە بەرامبەر ئەوەشدا هەشت هەزار عارەب هاتوونەتە خانەقین. ‏جگە لەوە هەر لەم ماوەیەدا خەڵكی كۆمەڵێك گوندی سنووری خانەقین ‏ئاگادار كراونەتەوە كە گوندەكان چۆڵ بكەن، چونكە فرۆشراوە".‏
 
سۆزان مەنسور پێشنیاز دەكات بۆ پرسی سەرژمێری، لایەنە كوردستانییەكان ‏لە بەغدا بە یەكگرتوویی سەردانی گەورە بەرپرسانی عێراق بكەن، چونكە وەك ئەو دەڵێت: "سبەی لە بەغدا لەسەر ئەو ئەنجامانە ژمارەی كورسی ‏پەرلەمان بۆ كورد دیاری دەكرێت".‏
ئەو ژنە پەرلەمانتارە كوردەی عێراق جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وەك كورد ‏مەترسی گەورەیان تەعریبە نەك سەرژمێری ئەو دەڵێت "ئەگەر مەبەستیان ‏خراپ نییە، باشە بۆچی ماددەی 140جێبەجێ‌ ناكەن؟".
 
شتێكی دیكە كە بۆ ئەو خانمە پەرلەمانتارە كوردە جێگای پرسیارە ئەوەیە ‏لەگەڵ ئەوەی تاقە ژنی خانەقینییە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەخراوەتە  ‏لیژنەی ماددەی 140 دەستووری عێراق "لەسەر ئەو پرسە چەندینجار ‏گلەییم لە بەرپرسانی كورد كردوە". ‏
 
لە كۆتایی قسەكانی دا، سۆزان مەنسور ئەوەش دەخاتەڕوو ئەگەر لایەنە ‏كوردستانییەكان لەگەڵ سەرژمێری نەبن، ئەوا خەڵكی كورد بە ئاسانی ‏بایكۆتی پڕۆسەكە دەكەن. هەروەك گوتی: "ئەگەر بە خەڵكی ناوچە ‏كوردستانییەكان بگوترێ‌ بایكۆتی سەرژمێری بكەن بەدڵنیاییەوە دەكەن ‌و ‏دەرگای ماڵەكانیان ناكەنەوە".
 
‏"لە شوێنی وەزارەتی پلاندانان بەم بایكۆت دەكەم"‏
 
ئەحمەد عومەر، پارێزەر ‌و خەڵكی مەخموور وەك میوانێكی بەرنامەكە ‏لە دەستپێكی قسەكانییەوە لەگەڵ ئەوەیە كە كورد بایكۆتی سەرژمێری بكات. ‏ئەو گوتی "لە شوێنی وەزارەتی پلاندانان بم بایكۆتی سەرژمێری دەكەم" بۆ ‏هۆكارەكەشی ئەوەی روونكردەوە، كە وەزیری پلاندانی عێراق كە خەڵكی ‏كەركووكە زۆر رق هەڵگرە بەرامبەر بە كورد ‌و ئامانجی لەم سەرژمێریەش ‏باش نییە. سەبارەت بە هۆكاری نەگەڕانەوەی كورد بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەحمەد عومەر ئەوە دەخاتەڕوو كە لە ناوچەكانی مادەی 140 بەردەوام ‏كێشەی ئەمنیی هەیە. هەر لەبەر ئەوەشە خەڵكی ناتوانێ‌ بچێتەوە گوندەكانی ‏خۆی. ئەو پارێزەرە كوردە سوپاسی رووداو یش دەكات كە بەردەوام بە ‏هەستێكی نەتەوایەتی كارلەسەر ئەو پرسانە دەكات.‏
 
ئەحمەد عومەر جەخت لەوە دەكاتەوە كە خەڵكی كورد تاوەكو ئێستا لە ‏مەترسیی سەرژمێری تێنەگەیشتووە ‌و دەڵێت: "ئەوەی دەكرێت تەنیا ‏سەرژمێری نییە، بەدڵنیاییەوە ئەو عەقڵیەتەی لە عێراق سەرژمێری دەكات ‏شۆفێنی ‌و مەترسیدارە بۆیە بە گومانین".‏
 
ئەحمەد عومەر ئەوەش دەختەڕوو لە كەركووك پڕۆسەی گەمارۆسازی لە ‏‏10-10وە راوەستاوە "لەكاتێكدا دەبێت تاوەكو18-10 پڕۆسەكە ‏بەردەوام بێت".
 
لە قەراج رێژەی عەرەب 20٪ بۆ 100٪ زیاد دەكات 
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا ئەحمەد عومەر باسی لەوە كرد بە ‏تێپەڕبوونی كات رێژەی عەرەب لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت. ئەو گوتی: "پێشتر لە ناحیەی ‏فەراج رێژەی عەرەب 20٪ بوو ئێستا 100٪، جگە لەوە پێش رووداوەكانی ‏‏16 ئۆكتۆبەر لە گوندەكانی مەخموور ژمارەی كورد نزیكەی دوو هەزار بووە ‏ئێستا 200 شی نەماوە ئیتر بەم حاڵەوە سەرژمێری چۆن دەكرێت؟"
 
ئەحمەد عومەر لە خەمی ئەوەشە نەك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە نێوخۆی هەرێمی كوردستانیش ‏نزیكەی "دوو ملیۆن عەرەب نیشتەجێن". ئەو گوتی "هەر ئەو عارەبانەی لە ‏كوردستانن لە ئایندەدا دەتوانن داوای پلە‌وپۆست بكەن داوای كورسی ‏پارێزگاكانیش بكەن".‏
 
ئەو پارێزەرە رەخنە لە پارتی ‌و یەكێتی یش دەگرێت بەوەی لە ‏بانگەشەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پارەیەكی ‏زۆر خەرج دەكەن، بەڵام بۆ پرسێكی هەستیاری وەك سەرژمێری ‌و ‏گەڕانەوەی كورد بۆ ناوچەكانیان پارەیەكی وەها خەرج ناكەن. ئەو گوتی: ‏‏"بەپێی هەندێك زانیاری پارتی ‌و یەكێتی نزیكەی 150 ملیۆن دیناریان لە ‏بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج كردووە تەحەدا دەكەم ملیۆنێك بۆ سەرژمێری ‏خەرج بكەن".‏
 
ئەحمەد عومەر رەخنەی ئەوەش دەگرێت لە خانەقین، دەنگی كورد بەرامبەر ‏پۆستی پارێزگاری كەركووك بەخشراوە لە كۆتایی قسەكانی پارێزەرە كوردەكە باسی لەوەش كرد لە ساڵی ‏‏2007دا سوننەكانی عێراق رێگربوون لەوەی سەرژمێری بكرێت، چونكە لە ‏زیانیان بوو ئەو گوتی: "ئەگەر داواكاریەكانمان جێبەجێ‌ نەبوو داوا دەكەم ‏سەرژمێرییەكە دوابخرێت ئەم جارە لەسەر دەستی كورد دوابخرێت".‏
 
 
مۆرلێدان لە عەرەبێتی ناوچە كێشەلەسەرەكان
 
د. حەسەن كاكی، ئەندامی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی ‏پارتی دیموكراتی ‏كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو ئەگەر ‏سەرژمێری بەم جۆرەی ئێستا بێت "مۆرلێدانە لە عارەبێتی ناوچە ‏كێشەلەسەرەكان".‏‏ د. حەسەن كاكی جەخت لەوە دەكاتەوە تاوەكو ئێستا ‏هیچ سەرژمێرییەك لە بەرژەوەندیی كورد نەبووە. ئەو گوتی: "لە یەكەم ‏سەرژمێرییەوە تاوەكو ئەوەی 1987 هیچی لە بەرژەوەندی كورد نەبووە".‏
 
د. حەسەن كاكی، هێما بەوەش دەكات لە پرسی سەرژمێریدا كوردە ‏فەیلییەكان زۆر زەرەرمەند بوو گوتی: "لە سەردەمی یەكەمین ‏سەرۆكوەزیرانی عێراقدا خەڵكی ئازاد كرا خۆی بە پاشكۆی ئێران بنوسێ‌ یان ‏عوسمانییەكان، هەر ئەو كاتە كوردە فیلییەكان خۆیان بە ئێرانی نووسی".‏  
 
هەرچەندە بڕگەی نەتەوە لە سەرژمێرەكەدا لابراوە، بەڵام د. حەسەن كاكی ‏مەترسی ئەوەی هەیە بەناوی عەشرەتەكانەوە بزانرێ‌ ئەو كەسە سەر بە چ ‏نەتەوەیەكە هەر وەك گوتی "ئەگەر خەڵكی نەتەوەش نەنوسێ‌ خۆ دەتوانێ‌ ‏ناوی عەشرەتەكەی بنوسی ئەوكاتە بەئاسانی دەزانرێ‌ سەربە چ ‏نەتەوەیەكە".‏
 
رووە باشەكەی سەرژمێری ‏
 
سوبحی مەندەلاوی، كە وەك نووسەر و رۆشنبیر ‌و كوردی ‏فەیلی ‌و ئەندامی ‏لقی ‏دوو پارتی لە بەرنامەكەدا بەشداربوو باسی لەوە كرد لە هەندێ‌ لاوە ‏سەرژمێری بۆ كورد باشە ‌و گوتی "پێشتر پشكی هەرێمی كوردستان لە ‏بودجە 17٪ بوو دواتر كرایە 12٪، كەس نەیزانی لەسەر چ بنەمایەك ‏كەمكرایەوە، ئێستاش ئەگەر سەرژمێری بكرێتەوە بۆبەشە بودجە سوودی ‏لێدەبینین". سوبحی مەندەلاوی گومانی لەوەش نییە كە ئەم سەرژمێریە ‏مەبەستی سیاسیشی لەپشتەوەیە ئەو گوتی "هەرچەندە دەڵێن ئەم ‏سەرژمێرەییە پەیوەندی بە ماددەی 140وە نییە، بەڵام بەو جۆرە نییە، ‏كاتی خۆشی كۆمەڵێك عەرەب لە كەركووك  پارەی ماددەی 140 شیان ‏وەرگرتبوو، بەڵام دووبارە هاتنەوە كەركووك".‏
 
سوبحی مەندەلاوی ئەوەش ناشارێتەوە كە خەڵكی ناحەقیان نییە كە ‏ناگەڕێنەوە بۆ كەركووك ‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان، چونكە لە شارەكانی ‏سنووری مادەی 140 جگەلە دۆخی ئەمنی ژیانیش زۆر قورسبووە.‏
 
سوبحی مەندەلاوی ئاماژەی بەوەشدا لە پەنجاكاندا دوای كوفە، مەندەلی ‏گەورەترین قەزا بوو، "بەڵام ئێستا مەندەلی لە گوندێكیش كەمترە".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی مەندەلاوی لەگەڵ ئەوە بوو كە "لەم دۆخەدا سەرژمێری ‏نەكرێت باشترە".‏
 
"دوای تەعریب سەرژمێری دەكەن"
 
د. وەسفی تاهیر، بەڕێوەبەری گشتی لە سەنتەری ‏توێژینەوەی زانكۆی ‏‏تیشكی نێودەوڵەتی كە پسپۆڕییەكەشی لەسەر سەرژمێرییە وەك میوانێكی ‏بەرنامەكە باسی لەوە كرد بەشێكی عەرەبی عێراق ‏كار بۆ ئەوە دەكەن ئەو ‏تەعریبەی هەیە بەردەوام بێت ‌و دواتر سەرژمێری بكەن ‌و گوتیشی: "ئەو ‏هەموو دواخستنەی سەرژمێری لە رابردوودا دیارە هۆكارەكەی سیاسییە".‏
 
د. وەسفی تاهیر گلەیی لە بەرپرسانی كوردیش هەیە بەوەی كەمترین كار بۆ ‏خەڵكی ناوچە كێشەلەسەرەكان دەكەن: "ئێمە هیچی وەهامان بۆ ئەو ناوچە ‏كوردستانییانە نەكردوە خەڵكی حەقی گلەیی هەیە". د. وەسفی تاهیر، ‏جەخت لەوە دەكاتەوە ئەبێت لە 10ساڵی ئایندە كارێك بۆ ناوچە ‏كێشەلەسەرەكان بكەن.‏
 
بەبڕوای د. وەسفی، سەرژمێریی ساڵی لە 1957 زۆر باش بووە، چونكە لە ‏كاتێكدا بووە كە وڵات زۆر سەقامگیربوو بۆیە گوتی: "داواكارین ئەو ‏سەرژمێریە بكرێتە بنەما بۆ ئەم سەرژمێریەش".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی، مامۆستاكەی زانكۆی تیشك جەختی لەوە كردەوە ئەگەر ‏كورد لە سەرژمێریەكە بكشێتەوە ئەوا تەواوی سەرژمێریەكە شكست دەهێنێ‌.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیای سەفین. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسی: باران و بەفر دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو شەپۆلێکی بارانبارین هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، "لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەفربارینیش هەیە."