رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان، 11 مامۆستای ئایینییان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەربژێر کردووە، یەکێکیان سەرۆکى لیستە لە بازنەى پارێزگاکەی.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردن و ئامارى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سێ مامۆستاى ئایینى لە لیستى بەربژێرانى لیستەکەیانن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە هەر سێ بازنەکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک.
بێستوون حەمەساڵح گوتى: "هەر سێ بەربژێرەکە پێشنوێژ و گوتار خوێنن، بەڵام لە گوتاردان دوور خراونەتەوە."
مەلا عەنتەر عیسا، لە بازنەى دهۆک سەرۆکى لیستى کۆمەڵى دادگەرییە. ئەحمەد سۆفى حامد لە بازنەى هەولێر و مەلا عەبدوڵڵا قوڕقوڕەیی لە بازنەى سلێمانى مامۆستای ئایینین و بەربژێرى کۆمەڵى داگەریین بۆ پەرلەمانى کوردستان .
یەکگرتووى ئیسلامیی کوردستان لە سێ بازنەى هەڵبژاردن حەوت مامۆستای ئایینیی بەربژێر کردووە.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سێ مامۆستاى ئایینى لە بازنەى هەولێر لە لیستى بەربژێرانى یەکگرتووى ئیسلامین، لە دهۆکیش سێ مامۆستای ئایينى و لە سلێمانی مامۆستایەکى ئایینى لە لیستى بەربژێراندان.
هێمن ئەسكەندەر گوتى: "هەندێک لەو مامۆستایانە پێشنوێژ و گوتار خوێنن."
مەلا رەشید خانو، مەلا شاکر محەممەد، مامۆستایانى ئایینى بەربژێرى یەکگرتووى ئیسلامین لە دهۆک، لە هەولێریش هەریەک لە مامۆستایانى ئایینى، ئیسماعیل محەممەد، ئیدریس کەریم، هێمن محەممەد، لە سەر لیستى یەکگرتووى ئسلامى خۆیان بەربژێر کردووە.
سەلام کەریم، ئەندامى سەرکردایەتى بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "یەک مامۆستاى ئایینی لەنێو بەربژێرانماندا هەیە بۆ پەرلەمانى کوردستان."
بەربژێرەکەى بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان، ناوى ئەبوبەکر ئەحمەدە لە بازنەى سلێمانی و بە مەلا خەتاب ناسراوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان کە چوارشەممە، 25ى ئەیلوول بڵاوی کردەوە، نابێت مزگەوت، قورئان و موقەدەساتی ئایینی کە موڵکی هەموو موسڵمانانی کوردستانن بکرێنە بەشێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێویستە پیرۆزییان رابگیرێت.
136 لیست و1911 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، رۆژى 18ى هەمان مانگ دەنگدانى تایبەت دەکرێت و 20ى تشرینی یەکەم دەنگدانى گشتییە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ