رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 11:00 پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەموو فراکسیۆنەکان، جگە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشدارن. چوار وەزیریش بۆ ئەو بابەتانەی بانگهێشتکراون ئامادەدەبن و روونکردنەوە دەدەن.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 6ی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، "بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانیش بڕیارە بەشدار بێت، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشدار دەبن و تەواوی فراکسیۆنەکانی دیکەش".
سەبارەت بە ئامادەبوونی وەزیرەکانی حکومەت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، هەروەهاسەرپەرشتیاری کاتیی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، ئامادەدەبن.
بڕگەی یەکەمی بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بریتییە لە خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها راپۆرتی لیژنەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و پەیوەندییەکان لەسەر دۆخی تۆپبارانی سنوورەکان دەخوێنرێتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، کۆبوونەوەکان دەکەنە دوو بەش، بەشێکی بەیانییەکەی دەبێت و بەشەکەی دیکەی دەکەوێتە دوای نیوەڕۆ، کە زیاتر پەیوەستە بە دۆخی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش. هێمن هەورامی گوتیشی: "ئومێد دەکەین کۆبوونەوەکان بەرهەمداربن و گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر ئەو بابەتانە دەکرێت و هیچ کۆسپێکی وا نابینین".
بابەتێکی دیکە کە داوادەکرێت پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی بکات، رەوشی دارایی هەرێمی کوردستانە، لەو بارەیەوە هێمن هەورامی رایگەیاند "هەوڵدەدەین سبەی ئەو بابەتە تەواو بکەین" و ئاماژەی بەوەکرد وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەی دەبن.
