رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، پێویستە لە تەواوکردنی تۆمارکردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەلە بکرێت و مووچەکانیان دوانەکەوێ.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە (27-05-2024)، محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکارەکانی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
سوودانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کردەوە کە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و بانکە حکومییەکان بەدواداچوونی بۆ رێکارەکانی بەجێکردن کرد و گوتی: "پێویستە پەلە بکرێ لە تەواوکردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە دواکەوتنی مووچەکانیان". راشیگەیاند، بەگوێرەی یاسا و دەستوور، حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فەرمانبەران و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەهەر کوێ بن.
رۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا.
رۆژی 12ی ئاداری 2024یش دادگەکە رایگەیاند، "پڕۆسەی بەجێکردن پێویستی بە کاتە بۆئەوەی تەواو بکرێت؛ هەربۆیە دەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پەلە بکەن و هەوڵی خۆیان بدەن بۆئەوەی پڕۆسەی بەجێکردنەکە بکەن".
رۆژانی 18 و 23ـی ئایار وەزارەتی دارایی دوو لیستی رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرد تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ