رەوەندی کوردی لە نەرویج خۆپێشاندان دەكا

27-05-2013
ساکار عەبدوڵڵازادە
A+ A-
رووداو- هەولێر
رەوەندی کوردی لە وڵاتی نەرویج بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدنی وکۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندانێک بەڕێوە دەبات.

کەریم ئەڵڵاوەیسی، لە ئامادەکارانی خۆپێشاندانەکە بە (رووداو)ی راگەیاند "بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدنی و کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەی کارکردن بۆ پاڵاوتنی کەبوودوەند بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نوبێل 2013، رۆژی هەینی خۆپێشاندانێک لەبەردەم پەرلەمانی نەرویج ساز دەکات".

کەریم ئەڵڵاوەیسی سەبارەت بە ئامانجی خۆپێشاندانەکە گوتی "بە نوێنەرایەتی خۆپێشاندران نامەیەک ئاراستەی پەرلەمان و وەزارتی دەرەوەی نەرویج دەکەین، جگە لەوەش زیاتر خەڵکی نەرویج لە ئامانجەکانمان دەگەیەنین. ئێمەی چالاکڤانانی کورد لە نەرویج بۆ بە فەرمی ناسینی جینۆسایدی کورد سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە و بۆ ئەم چالاکییەش باوەڕمان بە هەنگاو و پلانی خۆمان هەیە، بەردوامی لە هەنگاوەکانمان سەرکەوتنمان زیاتر مسوگەرتر دەکات".

ئەو ئامادەکارەی خۆپێشاندانەکە دەربارەی پاڵپشتی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گوتی "زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڵێنی هاوکاری و بەشداربوونیان لە ئاستی زۆروە داوە. هەروەها نوێنەرانی پارتی سۆسیالیستی چەپی نەرویجی لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار دەبن. هیوادارین کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بە کردەوە نیشانی بدەن کە سنوورە دەستکردەکان بایەخی نییە و ئەرکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی خۆیان بەجێ بگەیەنن".

بڕیارە خۆپێشاندانەکە رۆژی هەینی رێکكەوتی 2013/5/31، لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ئۆسلۆ دەست پێبکات و دوای تێپەڕبوونی خۆپێشاندەران لە شەقامی کارلۆهان گاتا، لە بەردەم پەرلەمانی نەرویج کۆببنەوە.

بڕیارە ئاکسل هاگن، ئەندامی پەرلەمانی نەرویج لە حیزبی سۆسیالیستی چەپی نەرویجی پەیامێک بخوێنێتەوە و پەیامی خۆپێشاندەران بگەیەنێتە پەرلەمانی وڵاتەکەی.

ئاکسل هاگن ناسێنەری محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانە بۆ پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبێل لە ساڵی 2011 و 2013.

وەک کەریم ئەڵڵاوەیسی دەڵێت "جگە لە پشتیوانی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵدان بۆ دیپۆرت نەکردنەوەی پەنابەرانی کورد یەکێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەو خۆپێشاندانە دەبێت".

لە ماوەی رابردوودا چەند پەنابەری کورد لەشاری تروندهایمی نەرویج سنوورداش کرابوونەوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 12 هەزار کورد لە وڵاتی نەرویج دەژین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە