رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی مامەڵەی خانەنشینییان تەواو بووە، ئەمڕۆ سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خانەنشینە نوێیانەی کە تازە مامەڵەکانیان تەواو بووە لە هەولێر، ئەمڕۆ سێ مووچەیان بۆ بەستراوە و هەر سێ مووچەکە بە جارێک وەردەگرن."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964ـن و بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ خانەنشین کران.
لەبارەی ئەو خانەنشینانەی مامەڵەکانیان تەواوبووە، سادق شێخ عوسمان گوتی، "لە سلێمانی نزیکەی 11 هەزار خانەنشین هەن؛ ژمارەی ئەوانەی مامەڵەیان تەواو بووە ناگاتە 150 تاوەکو 200 کەس."
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەشێک لە خانەنشینان سێ مووچەیان بەیەکەوە وەرگرت، کە ئەوانە مامەڵەیان تەواو بووە و ژمارەیان 120 کەس تاوەکو 150 کەس دەبێت."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانی و نزیکەی 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ