نوخشە ناسح وەك قایمقامی نوێی هەڵەبجە دەستبەكاربوو

27-03-2016
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن نوخشە ناسح
A+ A-

رووداو - هەڵەبجە

نوخشە ناسح وەك قایمقامی نوێی هەڵەبجە دەستبەكاربوو، بەڵام لەمەراسیمی دەستبەكاربوونەكەیدا قایمقامی پێشووی هەڵەبجە ئامادە نەبوو، ئامادەش نییە هیچ لێدوانێك لەسەر هۆكاری ئامادەنەبوونی بدات. 

ئەمڕۆ یەكشممە 27-3-2016 نوخشە ناسح، وەك قایمقامی نوێی هەڵەبجە دەستبەكار بوو، بەڵام لەمەراسیمی دەستبەكاربوونەكەیدا ئەركان حەسەن، قایمقامی پێشوو ئامادەنەبوو، ئەوەش لەكاتێكدا پێشتر لەناو بەشێك لە یەكێتییەكانی هەڵەبجە گرفت لەسەر ئەو پۆستە دروست بوو، بەشێكیان لەگەڵ مانەوەی قایمقامی پێشوو بوون، بەشەكەی دیكەشیان بۆچوونی بەپێچەوانەوەیان هەبووە و لەگەڵ دەستبەكاربوونی نوخشە ناسحدا بوون.

نوخشە ناسح قایمقامی نوێی هەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ئەمڕۆ یەكشەممە 27-3-2016 بە فەرمی وەك قایمقامی نوێی‌ هەڵەبجە دەستبەكار بووە، لەبارەی ئامادەنەبوونی قایمقامی پێشووش گوتی "دەتوانن لە خۆی بپرسن، بەڵام ئەوەندەی بزانم باسی لەوە كردووە كاری تایبەتی خۆی هەبووە".

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی شارەزووری یەكێتی، بە(تۆڕی میدیایی رووداو) راگەیاند "لەو پرسەدا بێ‌لایەن بووین، ناوی هەر یەك لە ئەركان‌ حەسەن ‌و نوخشە ناسح ‌و شاهۆ عوسمان-مان وەك كاندیدانی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە لەڕێگەی حیزبەوە بۆ حكومەت ناردووە ‌و دواجار حكومەت بڕیاری لەسەر نوخشە ناسح داوە و گوتیشی "ئێمە رێز لە بڕیاری حكومەت دەگرین و پێشوازی لەدانانی قایمقامی نوێ‌ دەكەین".

(رووداو) پەیوەندی بە ئەركان حەسەن قایمقامی پێشووی هەڵەبجەوە كرد، هۆكاری ئامادەنەبوونی لە مەراسیمی دانانی قایمقامی نوێدا لێپرسی، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات.

رۆژی 10-3-2016 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ نوخشە ناسح وەك قایمقامی نوێی هەڵەبجە دەكرد.

نوخشە ناسح ئەحمەد لەسەر پشكی یەكێتی ماوەی 7 ساڵ بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بوو، دوای ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لەو سنوورە لەنێوان یەكێتی‌ و گۆڕان، لەناو دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بەپۆستی بەڕێوەبەری ناحیە دەوامی كردووە، ئێستاش وەك چل‌ و پێنجەمین قایمقامی هەڵەبجە دەستبەكاربووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە