عەلوەی سلێمانی دەڵێت پەتاتە کەمە و وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت زۆرە

27-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، پەتاتەی خۆماڵی کەم بووە، نرخەکەشی گران بووە، بۆیە داوا دەکات قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی پەتاتە هەڵبگیرێت. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، "تاوەکو مانگی چوار بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆمان هەیە و قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە بەردەوام دەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پەتاتەی خۆماڵیمان کەم ماوە، لە خوارووی عێراقیش، کەمی کردووە، لە ئێرانیش هاوردەکردنی قەدەخەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخەکەی گرانتر بێت."
 
پێشتر کیلۆیەک پەتاتە بە 600 تاوەکو 650 دینار بوو. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی، "ئێستا نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ 850 تاوەکو 900 دینار."
 
بەپێی ساڵنامەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاوردەکردنی پەتاتە بە هەموو شێوەیەک قەدەخە بوو. دواتر بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ تاوەکو 31-1-2025 درێژکرایەوە، لە دوایین جار دووبارە درێژکرایەوە تاوەکو کۆتایی 2025. بەگوتەی وەزارەتەکە، "هەر پەتاتەیەک لە بازاڕدا هەبێت، بە قاچاخ داخڵ بووە."
 
سەروەر عەلی دەڵێت: "پێویستە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی پەتاتە هەڵبگیرێت ئەگەر نا نرخەکەی زیاتر گران دەبێت."
 
هاوکات هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا پەتاتەمان بەشی پێویست تاوەکو مانگی چواریش ماوە."
 
ساڵانە تەنیا لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 400 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "تاوەکو ئێستا لە کۆگاکانی دهۆک پەتاتە ماوە و کێشەی کەمیی پەتاتەمان نییە، بە تەنیا بەردەڕەش ساڵانە نزیکەی 60٪ـی پەتاتەی کوردستان بەرهەم دەهێنێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن هەیە، پێویستە راپۆرتی سەرجەم فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرین تاوەکو بزانن کەمی کردووە یان نا، ئەگەر کەمی کردبوو ئەوکاتە وەزارەت بەدواداچوون دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکمان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە."
 
لەبارەی هەڵگرتنی قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە، هیوا عەلی دەڵێت، "قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە بەردەوام دەبێت، لە کاتی نەبوون و نەمانی پەتاتە وەزارەتی کشتوکاڵ لە چوارچێوەی رۆژ ژمێری کشتوکاڵی پێداچوونەوە دەکات."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پار لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هاتووە. نزیکەی 40 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کراوە. هەندێکیشی هەناردەی ئەفریقا کراوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''