بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک: دانانی پارێزگاری بێلایەن بۆ کاتی خۆی گونجاو بوو

27-02-2024
ئەحمەد حەمید
رەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی
رەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت هەموو لایەنە براوەکانی کەرکووک پڕۆژە ئامادە دەکەن و سێی مانگی داهاتوو، گفتوگۆ لەبارەیانەوە دەکرێت؛ "یەکێک لە پڕۆژەکان بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووک دیاریدەکرێت"، دەشڵێت: دانانی پارێزگاری بێلایەن بۆ کاتی خۆی گونجاو بوو، نەوەک ئێستا.
 
رەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی رۆژی دووشەممە کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: لێکتێگەیشتن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک هەیە و، سێی مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پڕۆژانەی ئامادە دەکرێن، دەکرێت.
 
لەبارەی دانانی کوردێکی بێلایەن وەک پارێزگاری کەرکووک، وەک هەندێک لایەن باسی دەکەن، رەوەند مەلا مەحموود، دەڵێت "هەموو لایەنەکان هەوڵی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەدەن، بیرۆکەی دانانی پارێزگاری بێلایەن بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، ئەو بیرۆکەیە بۆ کاتی خۆی گونجاو بوو نەوەک ئێستا، ئێستا پێکهاتەکانی دیکە ئامادەییان هەیە."
 
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک، دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە رایانگەیاندووە ئامادەی دانوستاندنن لەگەڵ هەموو لایەنەکان و لە حکومەتی خۆجێی داهاتووی کەرکووک، پێویستە هەموو لایەنەکان بەشدار بن.
 
رەوەند مەلا مەحموود پێیوایە پۆستی پارێزگاری کەرکووک "دەبێت گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بکرێت." جەختیش دەکاتەوە لەوەی بڕیارە هەر لایەنێک، پڕۆژەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێشکێش بکات و دوای گفتوگۆ لەبارەیانەوە، یەکێکیان پەسند بکرێت."
 
رەوەند مەلا مەحموود، گوتیشی: کەرکووک یەک پۆست نییە و پۆستی زۆری تێدایە، دەکرێت هەموو پۆستەکان گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، هەموو گفتوگۆکان لە 3ـی مانگی داهاتوو لەبارەی پڕۆژەی لایەنە براوەکانەوە دەکرێن."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، بۆ دانانی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی، نیوە +1ـی پێویستە، واتا 9 کورسی؛ تائێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە. 
 
یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی و کریستیان کە نزیکە لە یەکێتی یەک کورسییان هەیە، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان 8 کورسین، لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسیان هەیە، کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی، هەروەها تورکمان 2 کورسیی هەیە. 
 
تائێستا ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە بکات. لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، دەبووایە رۆژی 5ـی شوباتی2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنی تورکمان و عەرەب ئامادەی کۆبوونەوە نەبوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی، محەممەد تمیم، وەزیری پلاندانان و سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیوون بەشدار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە