رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوشوێنە تەندروستییەکانی لە دەروازە سنوورییەکان بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووندتر کرد بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ خۆدزینەوە لە پشکنین رێگەی قاچاخ بەکاردەهێنن. سەرچاوەیەک بۆ رووداو دەڵێت "خەڵک لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە قاچاخ هێنراونەتەوە باشووری کوردستان و قاچاخچییانی کۆرۆناش پارە لە خەڵک وەردەگرن".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ پێشگیرکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکرد، لە یەکێک لە بڕیارەکاندا هاتووە "گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان".
ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین ئاگادارییەکی سەبارەت بەو کەسانە بڵاوکردووەتەوە کە بە رێگەی " قاچاخ" لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات "چاوکراوەبن سەبارەت بەو هاوشارییانەمان کە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بوون بە رێگەی قاچاخ و نهێنێ هاتوونەتەوە رانیە و دەوروبەری، هەرکەسێک زانیاری لەسەریان هەیە پەیوەندی بە ئاسایشەوە بکات".
عەقید محەممەد فازڵ، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، چەند هاووڵاتییەک بە قاچاخ لە ئێرانەوە هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمەش مەترسی هەیە بۆ سەر هاووڵاتیان، چونکە ئەوانە بەبێ پشکنین هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت "ماوەی رابردوو چەند خوێندکارێک کە لە ئێران خوێندوویانە بە قاچاخ هاتوونەتەوە باشووری کوردستان و لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا کردوون و رێکاری یاساییشیان بەرامبەر گیراوەتەبەر".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی زەڵێ کە دەکەوێتە ناحیەی ھەڵشۆی قەزای پشدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان قاچاخچی پەیدابوون و ناویان ناون (قاچاخچییانی کۆرۆنا) ئەوان بە پارە هاووڵاتیان لە ئێرانەوە دەربازی سنوورەکانی باشووری کوردستان دەکەن و بۆ هەر کەسێک 100 دۆلار وەردەگرن".
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت "بەدواداچوونی جیدیمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە و سزای هەر کەسێک دەدەین کە بە قاچاخ لە سنوورەکانمانەوە دێنە نێو باشووری کوردستان".
رووداو زانیویەتی کە چەند کەسێک لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون، بەڵام هیچ لایەنێکی فەرمی ئەوەی بۆ رووداو پشتڕاستنەکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە "تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواونەبن زانیاری لەبارەی ئەو کەسانە ئاشکرا ناکەن کە دەستگیرکراون".
دکتۆر هیوا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا نزیکەی 50 کەس کە بە رێگەی یاسایی و قاچاخ لە ئێرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان لە دوو شوێنی قەڵادزێ کەرەنتینەکراون و پشکنینیان بۆ کراوە و لەژێر چاودێری لیژنەکانماندان".
رۆژی چوارشەممە 26-2-2020، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هاونیشتمانییان دڵنیادەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسانە دەکات کە پەیوەندییان بە ئاسایش، تەندروستی و بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانییان هەیە، بۆیە هەموو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە رووبەڕووی کۆرۆنا دەبنەوە و رۆژانە هاونیشتمانییان لە هەر هەواڵێک ئاگاداردەکەنەوە.
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی گوت "لە هەرێمی کوردستان 536 کەس بە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی بە پشکنینی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تێبپەڕن و رێکارە تەندروستییەکانیان بۆ جێبەجێبکرێت، ئێمە ناو و ناونیشانی تەواوی ئەو کەسانەمان لەلایە و بەسەر پارێزگار و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆکان کردووە بۆئەوەی بەدواداچوون بکەن".
هاوکات داوای لەو هاونیشتمانییانە کرد کە بەو رێگەیانە یان بە رێگەی قاچاخ گەڕاونەتەوە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گشتی سەردانی لایەنە تەندروستییەکان و تیمەکان بکەن، تاوەکو پشکنینیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی تەندروستی هەموو لایەک پارێزراوبێت.
لەبارەی تووندکردنی رێوشوێنەکان لە دەروازە سنوورییەکان، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستی بەوە کرد کە مەترسییەکە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و نزیکبووەتەوە، بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان کە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەگەڕێنەوە دوای پشکنین قەرەنتینە ناکرێن و دەنێردرێنە ماڵەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە نابێت.
ماوەی چەند رۆژێکە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە، بەگوتەی کیانووش جیهانپوور، گوتەبێژی تەندروستیی ئێران، تاوەکو ئێستا 245 کەس تووشبوون و لەو ژمارەیە 26 کەس گیانیان لەدەستداوە، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ