رووداو دیجیتاڵ رۆژی چوارشەممە 14-10-2026، دادگای تاوانەکانی کەلار، بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی خوێناوی گوندی "خاڵەبەگ" لە گەرمیان دا، کە ساڵێک لەمەوبەر بە کوژرانی 3 برا و ئامۆزایەکیان و برینداربوونی 7 کەسی دیکە کۆتایی هات. دادگا لە دانیشتنەکەیدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ 4 تۆمەتباری سەرەکی و سزای 15 ساڵ زیندانیکردنیشی بۆ 6 تۆمەتباری دیکە دەرکرد و 4 تۆمەتباریشی ئازاد کرد. غالی حەمەشاسوار، کە شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، بە رووداوی گوت: "دەستخۆشی لە دادگا دەکەین. دادگا بڕیارێکی باشی داوە، بڕیارێکی تەندروستی داوە و ئەوەی تاوانبارە بە سزای خۆی گەیشتووە." کێشەکە لەسەر زەوییەکی 1 دۆنمی بووە و بەهۆیەوە سکاڵا لەسەر 28 کەس تۆمار کرا و نزیکەی 10 خێزانیش لە کەلار ئاوارە بوون. لایەنی سکاڵاکار هێشتا بڕیاریان نەداوە کە تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن یاخود نا. هیوا خالد، پارێزەری دۆسیەی سکاڵاکار، بە رووداوی گوت: "بڕیارەکانی دادگا لەسەر کۆمەڵێک بەڵگە و ئەو رێکارانە دەدرێت کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە و ئیشی لەسەر کراوە، تاوەکو دادگا گەیشتووەتە ئەم دەرەنجامە." هەرچەندە ئەمڕۆ دادگا سزای تاوانبارانی راگەیاند، بەڵام قوتابخانەی گوندەکە بەهۆی هەمان کێشەوە زیاتر لە ساڵێکە داخراوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕووداوەکە هێشتا بەردەوامە.
کوردستان14-10-2026بەرپرسێکی UNHCR بۆ رووداو: پەنابەرانی سووریایی ناچار ناکرێن بگەڕێنەوە و عێراقیش مافی هاووڵاتیبوونیان پێنادات