رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، لە ئەنجامی شۆرتی کارەبا لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون ئاگرکەوتووەتەوە بەوهۆیەوە شوقەیەک سووتا، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبوو.
رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگرکەوتەوە، بەرمیلێکی نەوت لە بالکۆنی شوقەیەک بووە و ئاگرەکەی فراوانتر کردووە."
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، "شوقەیەک سووتاوە، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادی هەبووە و تیمەکانیان تاوەکو ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن."
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک راگەیاند، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە. تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانە مادییەکان نەزانراوە و بەفەرمی رانەگەیێندراوە. بە گوتەی شایەتحاڵێکیش، کەنتۆری جلوبەرگ بە پلاکی کارەباوە چەسپ کراوە و ئاگرکەوتووەتەوە.
خاوەنی شوقە سووتاوەکە مامۆستایە، بە کرێ لە شوقەکە دا بووە و بە رووداوی گوت: "دەرگەی ماڵەوەم کردەوە دووکەڵ دەهاتە دەرەوە، منداڵەکانم لە ژووری دواوە خەوتبوون، تاوەکو ئێستا زیانەکان نازانین، بەڵام هیچ شتێک لە ماڵم نەماوە هەمووی سووتاوە."
هاوکات خاوەنی باڵەخانەکە بە رووداوی گوت: "سوپاس بۆ خودا کە هیچ کەسێک نەمردووە و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادەی زۆر هەبووە و ئێستا تیمەکان بەرگریی شارستانی خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ