نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان: رووداو خاڵی وەرچەرخان بووە لە کاری پیشەیی میدیا لە هەرێمی کوردستان

26-10-2023
ئەحمەد حەمید
نیشانەکردن رووداو سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن رووداوەوە یەکێکە لە شانازییەکانی میدیای کوردی، رووداویش بە باشترین کاری میدیایی لە کوردستان دەزانێت. دەشڵێت، "رووداو خاڵی وەرچەرخان بووە لە کاری پیشەیی میدیا لە هەرێمی کوردستان."
 
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد گوتی، "ئێمە لە ئەنجوومەنی لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن رووداوەوە کۆبووینەوە و بەیاننامەیەکی فەرمیمان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، گوتومانە خەڵاتی ستیڤی یەکێکە لە شانازییەکانی میدیای کوردی، رووداو بە باشترین کاری میدیایی لە کوردستان دەزانین و تاوەکو ئەم کاتەش ئەوە بۆچوونی ئێمەیە و هەمیشە هاوکاربووین، رەخنە گرتنمان لە رووداو لەو روانگەیە بووە، کە رووداو لای ئێمە کەناڵێکی متمانەپێکراوە و با هیچ کەس و لایەنێک 'نان و پیاز' بەو رەخنانەی ئێمەوە نەخوات، رەنگە میدیایەکی دیکە بێت ئێمە رەخنەی لێنەگرین."
 
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان جەختیکردەوە، پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو هەیە و گوتی، "رووداو خاڵی وەرچەرخان بووە لە کاری پیشەیی میدیا لە هەرێمی کوردستان، ئەو خەڵاتانەی رووداو بە دەستیهێناون زیادەیەکی باش دەخاتە سەر ئەزموونی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتین بوونی رووداو لە ناوەندە جیهانییەکان و پێدانی خەڵات پێی، پیشانی دەدات میللەتێک هەیە میدیایەکی هەیە دەتوانێت سنوورەکان ببڕێت، دەتوانێت گوزرشت لە پرسی میللەتێک بکات."
 
لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سێ رۆژنامەڤانەی سلێمانی، ئازاد حەمەدەمین، رایگەیاند، "ئەو سێ رۆژنامەنووسە دووانیان ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسان نین و تەنیا جەمال عەبدوڵڵا ئەندامی سەندیکایە، ئێمە وەکو رۆژنامەنووس داکۆکیمان لەو رۆژنامەنووسانە کردووە و داوامانکردووە ئازاد بکرێن، گومانمان هەبووە بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە پێکەوە دەستگیرکراون، هەوڵێک هەیە بۆ بە رۆژنامەنووسکردنی هەموو کایەکان و بەتاڵکردنەوەی ململانێی سیاسی لەژێر ناوی رۆژنامەنووسیدا."
 
سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی رۆژنامەنووسان لە دادگە بە یاسای دیکە لەبری یاسای رۆژنامەگەری، ئازاد حەمەدەمین، دەڵێت، سەدان کەیس بە یاسای رۆژنامەگەری یەکلاکراونەتەوە و یاساکە کاری پێدەکرێت، هەندێک یاسای دیکەیان لە کوردستان پێویستە و لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان رێککەوتبوون کە هەندێک بۆشایی هەیە چارەسەری بکەن و پڕۆژەیەکیان لەوبارەیەوە داوەتە پەرلەمانی کوردستان.
 
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان باسی کێشەی سکرتێری لقی سلێمانیی رۆژنامەنووسانی کوردستان کرد، کە بە گوتەی ئەو لە مانگی 7 ساڵی 2021 لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و دەرکراوە. ئازاد حەمەدەمین گوتی، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێگرن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسان و ئەوەش بە دەستوەردان لە کاروباری سەندیکا دەزانین. هەموو ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسان پابەندن بە بڕیاری دوورخستنەوەی کاروان ئەنوەر و گرفتمان نییە کە کەسێکی دیکە لە یەکێتیی نیشتمانی لەو جێگەیە دابنرێت، کاروان پێیگوتووین یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەو جێگەیە منی داناوە هەرکاتێک ئەو بڕیاری رۆشتنم بدەن پابەند دەبم بە بڕیارەکەوە."
 
دوای بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان راگەیێدراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێش دەستبەکاربوونی ئێمە وەک جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە مانگی 7ـی ساڵی 2021 بڕیاری لادانی کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی دەرکردبوو، دوای دەستبەکاربوونمان وەک جێگری نەقیب، لە مانگی 12ـی ساڵی 2021، تائێستا ئێمە راشکاوانە بە نەقیب و ئەنجوومەنی سەندیکامان راگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک وەک لیستی سەوز لە سەندیکا، ناچینە ژێر بڕیاری لادانی سکرتێری لقی سلێمانی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافییەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە 13 بۆ 5 ملیار دینار دابەزی

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 5 ملیار دینارە، لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو لە 13 ملیار دینار.