رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئاشتیی جیهانیی ئەمریکی (CPT) رایگەیاند، لە کاژێر 8:30 خولەکی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە تاوەکو درەنگانی شەو، تورکیا بەلایەنی کەمەوە 23 جار چەند گوند و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کرد، "ئێستاش فڕۆکە بە ئاسمانی شارباژێڕ و دەڤەری برادۆست دەسووڕێتەوە."
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 8:30ی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە تاوەکو 11:00ی شەو بەلایەنی کەمەوە 23 جار فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە چڕی چەند گوند و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد."
بە گوتەی ئەو ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، "گوندی خاستوو و گوندەکانی دیکەی ناوچەی زێباری لە دەڤەری بادینان، گەلی بێجوانان و گوندی بۆڵێ لە سنووری ناحیەی سیدەکان، گوندەکانی بەستە و مارەدوو لە ناوچەی مەنگوڕایەتی قەزای پشدەر و گوندەکانی ئێندزە، سڵێ، بۆڵێ و سورەدێ لە بناری قەندیل، ئامانجی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بوون."
سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە، کامەران عوسمان گوتی: "تائێستا هیچ زیانێکی گیانی (مەدەنی) لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانە تۆمارنەکراوە، بەڵام تاوەکو درەنگی دوێنێ شەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر ئاسمانی گوندەکانی شارباژێر، دەڤەری پشدەر لە پارێزگای سلێمانی و دەڤەری برادۆست لە پارێزگای هەولێردا دەسووڕانەوە. ئێستاش لە گوندی باساوێ لە شارباژێر و دەڤەری برادۆست فڕۆکە دەسوورێتەوە، بەڵام لە پشدەر دۆخەکە ئارامە."
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 19 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە لە ئەکاونتی وەزارەتەکە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنە شەڕکەرەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی، لە کاژێر 21:00ی شەوی 25ی تشرینی یەکەمی 2023دا، 19 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکەکەمان و پاراستنی سنوورەکانمان؛ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی مەتین، گارە، ئاڤاشین، خواکوڕک و قەندیل کرا."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 19 پێگەی تیرۆریستان، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرایە ئامانج. تەواوی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان خۆماڵین. لە بۆردوومان و تۆپبارانەکاندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت."
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ، کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ