نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی زەوی؛ رووپێوی و نەخشەی کەرتەکان تەواو کراون

26-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر رایگەیاند، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەشێوەیەکی یاسایی و کارگێڕی بەردەوامە. رێکارەکان لە شارەکانی دیکە و لەنێویاندا سلێمانی بەرەو کۆتایی دەچن.
 
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەخشەی کەرتی زەوییەکان بۆ دابەشکردن لە شارەوانییەکان تەواو بووە و سەرقاڵی کوژانەوەی زەوین".
 
کوژاندنەوەی زەوی بەو زەوییانە دەگوترێت، کە موڵکی وەزارەتی کشتوکاڵن و دەبێت بگوازرێنەوە سەر شارەوانییەکان بۆ ئەوەی بکرێنە زەوی نیشتەجێبوون. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێ، "پرۆسەکە بە پێی یاسا دەڕوات و کاتی پێویستە".
 
مەریوان حاکم هادی ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی زەوی فرەلایەنە و پەیوەستە بە چەند وەزارەتێکەوە، بۆیە کاتی پێویستە.
 
رۆژی پێنجشەممە، ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕکردنەوەی فۆڕم تەواو کراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەموو فەرمانگەکان بیگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی".
 
ئاوات دەباخ گوتیشی، زۆرینەی شارەوانییەکانی سلێمانی کوژاندنەوەیان بۆ زەوی کردووە و کەرتەکەیان گۆڕیوە بۆ زەوی نیشتەجێبوون.
 
رێکارەکان لە کاتێکدان 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
 
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە