رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شاری کەرکووک، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە (ئینتەرپۆل) داواکراوە. دواتر دەرکەوت تۆمەتبارەکە لەلایەن سوێدەوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانێکی کوشتن کە مێژووەکەی بۆ هەشت ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، داواکراوە.
دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، ئاندەرس ویبێرگ، بەرپرسی بەشی ئۆپەراسیۆنە
نێودەوڵەتییەکانی پۆلیسی سوێد، لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کرد بۆ هاوکارییان لە دەستگیرکردنی ئەو کەسە. ئەگەرچی پێشتر چەندینجار تۆمەتباران لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی سوێد کراونەتەوە، بەڵام هێشتا روون نییە حکومەتی عێراق ئەم تۆمەتبارە رادەستی سوێد دەکاتەوە یان نا.
چیرۆکی ئەو تاوانەی سوێد بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە و بە یەکێک لە "هەژێنەرترین" دۆسیەکانی کوشتن لە مێژووی تاوانکاریی ئەو وڵاتە دادەنرێت. لەو ساڵەدا تەرمی گەنجێکی ئەفغانیی تەمەن 23 ساڵ بەناوی (رامین شێرزای) بە دەستبەستراوی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و بڕیاری دادگە، رامین لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی ماچێک لەگەڵ ژنێکی عێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کوژراوە. رامین و ئەو ژنە پێشتر لە خولێکی فێربووندا یەکترییان ناسیوە، دوای ئەوەی هاوژینی ژنەکە بە پەیوەندییەکەیانی زانیوە، کێشە دروستبووە و ژنەکە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە.
دواتر و دوای پچڕانی پەیوەندییەکەیان، رامین وێنەیەکی خۆی و ژنەکەی بە دەم ماچکردنەوە کردووەتە وێنەی پڕۆفایلی فەیسبووکەکەی و داواکاری هاوڕێیەتی بۆ کەسوکار و هاوژینی پێشووی ژنەکە ناردووە. ئەم کارە بووەتە هۆی ئەوەی رامین بڕفێندرێت و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە بکوژرێت.
لەسەر ئەم دۆسیەیە، پێشتر دادگەی سوێد شەش کەسی بە زیندانیی هەتاهەتایی سزاداوە، ئەو کەسەی لە کەرکووک دەستگیرکراوە، تۆمەتباری حەوتەمی هەمان دۆسیەیە کە ماوەی هەشت ساڵ بوو پۆلیسی سوێد بەدوایدا دەگەڕا.
جگە لەم دۆسیەیە، پۆلیسی ئەڵمانیاش بۆ ماوەی 9 ساڵە بەدوای تۆمەتبارێکی دیکەی هاوشێوەدا دەگەڕێت کە تێوەگلاوە لە تاوانێکی کوشتن "لەسەر نامووس" و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.

