بزووتنەوەی گۆڕان رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت

26-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە 5 و 7ـی مانگی داهاتوو و پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی هەڵبژێرێت.
 
رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەکە دەڵێت: سبەی سێشەممە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ رێکخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بۆ ماوەی یەک هەفتە دەکرێتەوە.
 
یاسین پێنجوێنی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی سێشەممە، 27ـی ئاب تاوەکو رۆژی 2ـی ئەیلوول دەرگای خۆ بەربژێرکردن بۆ پۆستەکانی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکرێتەوە، رۆژی 7ـی ئەو مانگەش لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەربژێرەکان یەکلایی دەکرێنەوە و رێکخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێردرێن".
 
روونیشیکردەوە: "لە سبەیەوە سیڤی و داواکاری ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو پۆستانە بەربژێر بکەن وەردەگیرێن".
 
بەپێی رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی 5ـی ئەیلوولیش دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە بەڕێوەدەچێت کە بریتین لە سەرۆک، جێگر و سکرتێژی گشتی، سەرۆکی جڤاتەکە راستەوخۆ دەبێت بە ئەندامی خانەی راپەڕاندن".
 
رۆژی 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە، هەڵوێستەکە دوای ئەوە هات، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە هاوپەیمانییەکی هاوبەش بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
 
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک دامەزراوەی سەرکردایەتیی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، لەگەڵ ئەودا جڤاتی گشتی و ژمارەیەک دامەزراوەی دیکە هەن.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت کە ئەمانەن: رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی. 
 
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خولی هەڵبژاردن خۆیان بۆ هەمان پۆست بەربژێر بکەنەوە.
 
ئەرکەکانی رێکخەری گشتی بریتین لە سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی، هەروەها لەبەردەم جڤاتی نیشتمانی دا بەرپرسیارە.
 
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی کە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر هەڵدەبژێرێت، لە زیاتر لە 40 کەس پێکدێت، بریتین لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، باژێروان، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، رێکخەری ژوورەکان، نوێنەری ئەنجوومەنەکانی رەوەندی کوردی لە هەندەران و نوێنەری کارووباری رێکخراوەیی ئافرەتان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە