رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات لە سەلامەتیی سەرجەم حاجیانی کوردستان و راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3300 حاجی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و ئەوانی دیکە بە رێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە.
رۆژی دووشەممە، 08ـی حوزیرانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەو دۆخە نەخوازراوەی لەناکاو هاتە پێش، هەموو ئەو حاجییانەی کوردستان کە لە رێگەی ئاسمانییەوە گەشتیان کردبوو، بە سەلامەتی گەیشتنەوە کوردستان."
لەبارەی دۆخی ئەو حاجییانەی کە هێشتا لە سعودیەن، کاروان ستوونی گوتی: "ئەو حاجییانەی ئێستا لە شاری مەدینەن هەموویان سەلامەتن و هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە."
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماری گەڕانەوەی حاجییانی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 3320 حاجیی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی گەڕاونەتەوە و تەنیا 1800 حاجی لە شاری مەدینە ماون."
بەگوتەی کاروان ستوونی، بڕیار وایە ئەو 1800 حاجییەی کە لە شاری مەدینە ماونەتەوە، لە رۆژانی داهاتوودا سەرجەمیان لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمشەو یەکشەممە، 07ـی حوزیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کردووە و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانە چالاک کراون. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئیسرائیل هەرەشەی بەرپەرچدانەوەی تووند بە هێرشکردنە سەر تاران دەکات.
بەهۆى ئەو هێرشانەى ئێرانەوە ئەمشەو دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بۆ ماوەی 72 کاژێر ئاسمانی وڵاتەکەی داخست.



.jpg&w=3840&q=75)
