ژنێک لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر لە توالێتدا منداڵی دەبێت

26-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنی منداڵەکە لەپاش لەدایکبوون.
دیمەنی منداڵەکە لەپاش لەدایکبوون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ژنێکی دووگیان لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر لەکاتێکدا کە لە توالێتدا بووە، ژان دەیگرێت و منداڵەکەی لەدایک دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دایکەکە نەیزانیوە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیەتی؛ ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیر و سەلامەتە، هەروەها منداڵەکەش وادیارە سەلامەت بێت و لەژێر چاودێریدایە.
 
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 12ـی شەوی یەکشەممە بووە و دایکەکە کە تەمەنی نزیک 50 ساڵانە بەهۆی "ئازاری مەعیدە و هەبوونی خوێن" سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە.
 
لەکاتی منداڵبوونەکەدا، دوو پزیشک پێش هەمووان گەیشتوونەتە سەر دایکەکە؛ سۆنیا کاکەیی و جان عەلی کە هەردووکیان پزیشکی نیشتەجێی خوولاون لە نەخۆشخانەکە.

 

 
دکتۆر سۆنیا کاکەیی بە رووداوی گوت، "لە نزیک توالێتەکانەوە دەڕۆیشتین، گوتیان ژنێک دۆخی خراپە و کەوتووە؛ کە چووین سەیرمان کرد ژنەکە منداڵەکەی بووە و منداڵەکەش کەوتووەتە نێو سیفۆنی توالێتەکە؛ هاوکاریمان کرد و هەڵمانگرتەوە، بەگوێرەی پشکنینە سەرەتاییەکان، منداڵەکە سەلامەتە و لەژێر چاودێریدایە".
 
دکتۆر سۆنیا گوتی، "توالێتەکە شەرقی بووە و تایبەت بووە بە پیاوان، دایکەکە بەهەڵە چووەتە ئەوێ".
 
رووداو دەزانێت، منداڵە تازە لەدایکبووەکە کچە و تائێستا لەژێر چاودێریدایە، بەگوتەی دکتۆرەکانیش بێت، "سەلامەتە".
 
دایکەکە بۆ ماوەی سێ بۆ چوار کاژێر لەژێر چاودێری پزیشکیدا بووە و دواتر رێگەی پێدراوە بچێتەوە لە ماڵەوە پشوو بدات.
 
بەگوتەی دکتۆر سۆنیا کاکەیی، خۆی و دکتۆر جان عەلی و تیمێکی نەخۆشخانەکە تاوەکو دڵنیابوونەتەوە لە بارودۆخی دایک و منداڵەکە لە هاوکاریکردنی بەردەوام بوون.
 
دکتۆر سۆنیا دەڵێت، منداڵەکە نۆ مانگانە و لە تەمەنێکی کەمتردا لەدایک نەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە