سەربازانی تورکیا له باکووری کوردستان چوار گەنج ئازار دەدەن

26-07-2023
کاروان فەیزی دری @KarwanFaidhiDri
ئازاردانی چەند گەنجێکی کورد لەلایەن سەربازانی تورکیاوە
ئازاردانی چەند گەنجێکی کورد لەلایەن سەربازانی تورکیاوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، سەربازانی سوپای تورکیا لە چوار گەنجی کورد دەدەن. 
 
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 25ـی تەمموزی 2023 لە کوێستانەکانی گوندی بێرو سەر بە ناحیەی ناڤبەرۆژان روویدا. 
 
گوندنشینان سەربازانی سوپای تورکیا تۆمەتبار دەکەن بە لێدان و دەستگیرکردنی ئەو چوار گەنجە کوردە، ئەوەش کاتێک مەڕ و ماڵاتەکانیان بردووەتە نێو دۆڵێک بۆ ئەوەی ئاویان پێ بدەن. 
 
جەبار تاش، خەڵکی ناحیەی ناڤبەرۆژان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار گوندنشین کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 20 ساڵە، ئاژەڵەکانیان بردبووە ناوچەیەکی نزیک گوندەکەیان کە زۆرجار ئاژەڵەکانیانی تێدا دەلەوەڕێنن. لەو کاتەدا کۆمەڵێک سەرباز لێیان نزیک بوونەتەوە و بە هۆکارێکی نادیار دەستیانکردووە بە لێدانیان. 
 
تاش کە کەسوکاری چوار هاونیشتمانییەکەیە بە رووداوی گوت، "لەگەڵ بیستنی هاوارەکانیان، خەڵکی گوندەکە بەپەلە بەهانایانەوە چوون. دوای ئەوەی زانییان کە کردەوەکەیان وێنە دەگیرێت، سەربازەکان وازیان لە لێدانیان هێنا." 
 
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، شەش سەرباز لەسەر ژمارەیەک کەس وەستاون کە لەسەر زەوی کەوتوون. کاتێک سەربازەکان تێدەگەن کە وێنەیان دەگیرێت، ئاماژە بەو کەسە دەکەن کە کامێرای بەدەستەوەیە تا بووەستێت.
 
خەڵکی گوندەکە توانیان ئەو چوار کەسە رزگار بکەن و بیانبەن بۆ بنکەیەکی تەندروستی بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت، بەڵام سەربازەکان گەڕانەوە و هەر چواریان دەستبەسەرکردن.
 
هاونیشتمانییەکی دیکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە دووەمجارە سەربازەکان خەڵکی گوندەکە دەستبەسەر دەکەن. سێ رۆژ پێشتر سێ گوندنشینی دیکە بە هۆکاری نادیار لەلایەن سەربازەکانەوە لێیاندرا و دەستگیرکران." 
 
شایەتحاڵەکە دەڵێت، "ئەو شوێنە ناوچەیەکی قەدەخەکراو نییە." 
 
لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا سەربازەکان دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایلی گەنجەکاندا.
 
لەو دیمەنانەدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، یەکێک لە گەنجەکان بریندارە و وێنەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە 2016 ـەوە لە زیندانە لەسەر بەرگی مۆبایلێکە و دەم و چاوی شێویندراوە.  
 
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەداوە. رووداو پەیوەندی بە نووسینگەی پارێزگاری جۆلەمێرگەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵام نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ راستی گرتە ڤیدیۆییە پشتڕاست بکاتەوە.
 
هێزەکانی تورکیا کاتێک ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ئەنجام دەدەن، بە شێوەیەکی رۆتینی قەدەخەی هاتووچۆ دەسەپێنن و چوونە ژوورەوەی خەڵک بۆ هەندێک ناوچەی دیاریکراو قەدەخە دەکەن، بەڵام ئێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەی نزیک گوندەکە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی دەرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لێبووردنی گشتیی دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، لێبووردنەکە تەنیا بەرپرس و چەکدارانی داعش و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دەستیان لە تەقینەوەدا هەبووە