بە بەشداری سەتان جووتیار و خاوەنکار ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەم فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان دەستیپێکرد و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. بەرپرسانی شارەکە چاوەڕوانی زیاتر لە نیو ملیۆن گەشتیار دەکەن، جووتیار و خاوەنکارانیش چاویان لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیانە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ساڵی 2025 زیاتر لە 400 هەزار سەردانیکار، ساڵی 2024 زیاتر لە 285 هەزار سەردانیکار و ساڵی 2023 زیاتر لە 270 هەزار سەردانیکار چوونەتە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە.
ئەم ساڵ 12یەمین خولی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیە، لە خولەکانی رابردوودا فێستیڤاڵەکە تەنیا سێ رۆژ بووە، بەڵام لەم خولەدا کراوەتە چوار رۆژ.
هاوشێوەی بەرپرسانی دیکەی پارێزگاکە؛ سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە پێشبینیی کرد ئەم ساڵ زیاتر لە 500 هەزار تاوەکو 600 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەنار بکەن.
فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە پەیوەست نییە بە تەنیا بەرهەمی هەنارەوە، بەڵکو بەگوێرەی رێکخەرانی، چەندین بەرهەمی خۆماڵیی بۆ فرۆشتن تێدا دەخرێنەڕوو.
