رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکات و دەڵێت: کاتەکە زۆر گونجاوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە رووداوی گوت، راگۆڕینەوە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەبووە و لە ئەمڕۆوە "دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 5-9ـی پێشنیاز کردبوو بۆ هەڵبژاردن. عیماد جەمیل گوتی، راستە پێشتر کۆمیسیۆن ئەو رۆژەی پێشنیاز کردبوو، بەڵام ئەمە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بووە، پێویستی بە کاتی زیاتر بوو بۆ ئامادەکارییەکان، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو وادە نوێیە نییە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە و زۆر گونجاوە.
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و دەڵێت، جارێکی دیکە بڕیارە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان شەرعیەتی تەواوی دیموکراسییان دەبێت.
تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق دەڵێت، لەنزیکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لە هەوڵدابوون بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ