شاندێکی هەڵەبجە سێ داواکاری ئاراستەی سەرۆکی حکومەت دەکەن

26-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە سێ داواکاری لەبارەی پارێزگاکەیانەوە ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکەش دەڵێت "بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆکی حکومەت سەردانی هەڵەبجە بکات."
 
چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، شاندێکی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە سەردانی مەسروور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستانی کرد.
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە، لە سەردانەکەماندا سێ داواکاریی سەرەکیمان هەبوو؛ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەلایەن عێراق، بەفەرمی ناساندنی مەرزی سازان لە سنووری پارێزگاکەمان، لەگەڵ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرکی هەڵەبجە، کاک مەسروور بەڵێنی دا کار بۆ هەموویان بکات."
 
لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەدا لەبارەی داواکاریی یەکەمەوە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بۆ دۆخی سیاسی و پەرلەمانی عێراقی کرد، گوتی هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتە ببێتە راستی.
 
ئەو ئەندامەی شاندەکەی هەڵەبجە گوتیشی "کاک مەسرور باسی لەوە کرد هەوڵدەدن بۆ ئەوەی مەرزی سازان، یان هیچ نەبێت یەکێک لە مەرزەکانی پارێزگاکە لەلایەن عێراق و ئێرانەوە بە فەرمی بناسرێت." 
 
 لەبارەی داواکاریی سێیەمیشەوە، لوقمان عەبدولقادر گوتی "بڕیارە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بکرێتەوە و سەرۆکی حکومەت گوتی هەموو رێکارەکانی پەیوەست کە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت، دەیکەن."
 
لوقمان عەبدولقادر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "کاک مەسرور گوتی لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سەردانی ئەو شاندە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سەرۆکی حکومەت جەختی کردووەتەوە حکومەتی کوردستان وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا دەکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەندی بەردەوامدایە تاوەکو رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تەواوبکەن کە مافێکی رەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە