رووداو دیجیتاڵ
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەرکی پەرلەمانیمان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێهێنا."
فراکسیۆنی پارتی 45 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە. زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، لە 01-06-2023ـەوە مووچەی پەرلەمانتارییان رەتکردووەتەوە و داوایان کردووە رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی مووچەی فراکسیۆنەکە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوە کرد ئەوان خوازیاری ئەوە نەبوون کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، بەڵام بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی کە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەسەر پرسی کۆمیسیۆن هەبوون، "بە ناچاری دەستمان برد بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، دواتر جارێکی دیکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەوڵماندا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە بەو خواستەی کە ئەوان دەیانەوێت، هەوڵماندا کۆمیسیۆنێک کارا بکەینەوە بەو خواستەی کە دەیانەوێت، [بەڵام] ناگەڕێینەوە سەر ئەو باسە."
زانا مەلا خالید گوتی، لەگەڵ چەند فراکسیۆنێکی دیکە هەوڵیانداوە کە بۆشاییە یاساییەکان پڕبکەنەوە، بەڵام ئەم خولە جۆرێک ناتەبایی لەنێوان فراکسیۆنەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی روویاندا، "بەڵام نەمانهێشت ئەم خولە بە بێ پڕۆژەیاسای باش تێپەڕێت."
بەگوتەی زانا مەلا خالید، گرنترین کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان؛ دەرچوواندنی یاسای چاکسازی و خانەنشینی بوو، کە بەبڕوای ئەو؛ لە خولی پێشوودا ببووە کۆسپ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان. پێشیوایە زۆرینەی پڕۆژەیاساکانی دیکە لەلایەن فراکسیۆنەکەیانەوە پێشکێش کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ