سەرۆك بارزانی: شۆڕشی گوڵان پەیامی بە ناحەزان دا کە گەلی کوردستان خۆی بەدەستەوە نادات

26-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی 48ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانەوە سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پەیامێکی روونی بە "نەیارانی" گەلی کوردستان دا کە سەرباری بەهێزی و ستەمکاریی دووژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، "گەلی کوردستان خۆی بەدەستەوە نادات."
 
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، شۆڕشی گوڵان ئەزموونێكی پڕ بەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە، "لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت."
 
دوای رێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول، شۆڕشی گوڵان هه‌ڵسانه‌وه‌یەكی دیكه‌ی كورد بوو له‌ باشووری كوردستان. ئەو شۆڕشه‌ درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی ئه‌یلوول بوو کە له‌ 26ـی گوڵانی 1976 به‌رپابوو.
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان و ئەزموونێكی پڕبەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت. شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا، كە سەرباری بەهێزیی و ستەمكاریی دوژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات و ڕۆڵەكانی تێكۆشانی خۆیان بۆ گۆڕەپانی حەقیقیی خەبات كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازنەوە.
 
لە چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و، ئەو تێكۆشەر و قارەمانانەش هەرگیز لەیاد ناكرێن كە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبی و خەباتی نهێنیی ناو شار و لە ئاوارەییدا ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و قوربانیان داوە و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست کردووە. ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.
 
مسعود بارزانی
26ـی ئایاری 2024
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح

سەرۆک بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح: خۆشحاڵم کوردێک پۆستێکی گرنگی لە UN وەرگرتووە

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەكات بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای کاروباری پەنابەران لە UN و ئاماژە بەوە دەکات، خۆشحاڵە کوردێک ئەو پۆستەی وەرگرتووە