کۆڵبەرێکی تەمەن 15 ساڵ لە سەرما رەقبووەوە

26-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مێرمنداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە بەهۆی ئەوەی لە کۆڵبەرانی دیکە دادەبڕێت و رێگەی لێ ون دەبێت، رەقدەبێتەوە و گیان لەدەستدەدات.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 24ی ئاداری 2024، مێرمنداڵێکی کۆڵبەر بەناوی هەستیار مەسوڕ عەبدولکەریمی، تەمەن 15 ساڵ، و خەڵکی گوندی کەسنەزانی دیواندەرە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری مێشاوی سەقز بەهۆی سەرمابردن و رەقبوونەوەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان، کۆڵبەرەکە لە سنووری مێشاوی سەقز لە کۆڵبەرانی دیکە دادەبڕێت و رێگەی لێ ون دەبێت، دواتر بەهۆی سەرما و سۆڵەوە رەقدەبێتەوە و گیان لەدەستدەدات.
 
تەرمی ئەو مێرمنداڵە کۆڵبەرە رۆژی دووشەممە، 25ی ئاداری 2024 لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بینراوەتەوە و گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی سەقز و دواتر دادپزیشکی شارەکە، دوای کاروبارە فەرمییەکان، ئێوارەی هەمان رۆژ لە گۆڕستانی گوندی کەسنەزانی دیواندەرە نێژراوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 24ی ئاداری 2024، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بەناوی سۆران عەبدی، تەمەن 22 ساڵ، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا بوو؛ هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی محەممەدبایەر محەممەدی، تەمەن 48 ساڵ لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدابوو.
 
لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە کە دوو کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و یەکێکیان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووە و ئەوەی دیکە بەهۆی رەقبوونەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 2023 لانیکەم 32 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 307 کۆڵبەر بریندار بوون و دوو کۆڵبەری دیکەش بێسەرشوێن بوون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە